فراکسیۆنێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لە دۆخی پارێزگاكە ناڕازییە

فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لە دۆخی پارێزگاكە ناڕازییە و فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو كە لەلایەن ڕەیان كلدانی و شیعەكانەوە ئاراستە دەكرێن بە نوێنەرانی بێگانەكان ناوی دەبات. ئەندامێكی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەڵێ، بەشێك لە نوێنەرانی ئەنجوومەنەكە لەپێناو بەرژەوەندی تایبەت، نوێنەرایەتی لایەنی سیاسیی بێگانەی دەرەوەی نەینەوا دەكەن.

عەبدوڵڵا نوجێفی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراكسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو دەڵێت، ئەو کەسایەتیانەی کە بڕیارە نوێنەرایەتی خەڵکی نەینەوا بکەن، چۆن ڕێگە بە هێزی نامۆ و بێگانە دەدەن لە نەینەوا سەرکردایەتیان بکەن؟ دووپاتیشدەكاتەوە، نەینەوا پێویستی بە كۆدەنگییەكی کۆمەڵایەتی ھەیە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو لایەنە سیاسیانەی بێگانە و سەربارن و نوێنەرایەتی ئەجێندایەكی دوور لە کولتووری مووسڵ و خەڵكی نەینەوا دەكەن.

ھاوكات ئەندامێکی دیكەی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەڵێ، لەنێو حكوومەت و پەرلەمان و دامەزراوە ئەمنییەكاندا نادادپەروەری لە پشکی پارێزگای نەینەوا هەیە. ئەحمەد عەبد رەبە، ڕایگەیاند، لە ئێستادا نەینەوا شایەنی پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سێ پۆستی وەزارییە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی نەینەوا دەكەن، ئەمە ڕووینەداوە.

ڕۆژی 2ـی تەممووزی ڕابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بێ بەشداریی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد، ئەمەش ناكۆكی لێكەوتەوە و ئەنجوومەنەكەی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكرد، كە بەرەیەك لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو و یەکێتیی پێكھاتووە، ئەم بەرەیە لەلایەن كەسانی وەكو ڕەیان كلدانی و شیعەكان ئاراستە دەكرێت، بەرەكەی دیكەیش لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو واتە بەشێكی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و دوای گۆڕانکارییەکان دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەسارد.

 

Fly Erbil Advertisment