یۆکۆ فۆجیمارا: چاومان لەوەیە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کێشەی ئاوارە و پەنابەران بدۆزینەوە

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق ڕایدەگەیەنێت: چاویان لەوەیە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کێشەی ئاوارە و پەنابەران بدۆزنەوە، دەشڵێت: پێزانینی زۆرم بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ هەوڵەکانی لە حەواندنەوە ئاوارە وپەنابەران.
یۆکۆ فۆجیمارا، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێزانینی زۆرم بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ هەوڵەکانی لە حەواندنەوە و دابینکردنی سەقامگیریی بۆ ئاوارەکان لە دەرەوەی کەمپەکان و ناوەوەی کەمپەکان، گوتی: هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت لەپێناو ئاوارە و پەنابەران، هەموو کارێک دەکەین بۆ پاراستن و خزمەتکردنیان لە ڕووی دەروونی و جەستەیی تەنانەت تەندروستیشەوە، دەڵێت: چاومان لەوەیە چارەسەرێکی هەمیشەییان بۆ بدۆزینەوە.
سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاوارەی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ پشتیوانیی ڕێکخستنی کرد.