خولیایانی فێربوونی زمانی دایک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیادبوونە

کردنەوەی خوولی فێربوونی زمانی دایک لە ناوەندی هونەری ڤەژین - ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کردنەوەی خوولی فێربوونی زمانی دایک لە ناوەندی هونەری ڤەژین - ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕێکخراوی ڤەژینی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو ساڵێ لە وەرزی هاویندا خوولی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ منداڵان و میرمنداڵان و لاوان دەکاتەوە، لە خولەکانەدا بەشداربووان جیا لە هەردوو زاری سۆرانی و هەورامی کە زاری سەرەکیی دانیشتووانی شارەکەن، بەشداربووان دەتوانن زارەکانی کرمانجی و کەلهوڕییش فێر بن.

هاوینی ئەمساڵ، وەک ساڵانی ڕابردوو، منداڵان و مێرمنداڵان و لاوانی مەریوان، لە پۆلەکانی فێرکاریی زمانی کوردی بەشداربوون، کە لە لایەن ڕێکخراوی فەرهەنگی و هونەریی ڤەژینەوە ڕێکخراون.

لە پۆلەکاندا، جیا لە فێرکاریی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی، مناڵانی کورد لەگەڵ مێژوو و جوگرافیای کوردستانیش ئاشنا دەکرێن.

سامی ئەمینی بەشداربوونی خوولی زمانی کوردی دەڵێت: لە خانەوادەکەی خۆم هەموویان زمانی کوردیان دەزانی، هەربۆیە منیش هاتم بەشداری خوولەکە بووم بۆ ئەوەی فێری زمانی دایک بم.

بەیان ڕەجەبی مامۆستای زمانی کوردی دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵییە بەشداربوونی هاووڵاتییان لە چین و توێژ و تەمەنە جیاوازەکاندا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیارتر بووە و خولیایانی فێربوونی هەردوو شێوەزاری هەورامی و سۆرانی لە کڵاسەکانی خولە زیادبوونە، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە".

دانیشتووانی مەریوان بە دوو زاری کرمانجیی خواروو و هەورامی دەدوێن. ڕێکخراوی ڤەژین جیا لەم دوو زاراوەیە، پۆلی فێرکاریی کرمانجیی سەروو و کەلهوڕیشی بۆ ئەو کەسانە کردووەتەوە کە حەز و خولیای فێربوونی زارەکانی دیکەی زمانی کوردییان هەیە.

سەرکەوت وەتەندووست، بەشداربووێکی دیکەی خوولەکەیە و دەڵێت: دوو مانگە بەشداری ئەم خولەم کردووە، چونکە زۆر گوێ بۆ ئاواز و گۆرانی کرمانجی دەگرم، هەربۆیە حەزم دەکرد فێری شێوەزارەکە ببم و لە مانای وشەکانیش تێ بگەم، هەرچەندە شێوەزاریشمان جیاواز بێت، بەڵام هاوزمان و هاوجوگرافیاین هەربۆیە فێربوونی شێوەزاری کرمانجی بەلامەوە گرنگ بوو.

بەڕێوەبەرانی ڤەژین دەڵێن: لە دوو ساڵی ڕابردوودا پێشوازیی هاووڵاتیان لە خولەکانی فێرکاریی زمانی کوردی زۆر زیادی کردووە و تەنانەت ئەو کوردانەی بە هەر هۆکارێک لە شارەکانی ناوەندی ئێران دەژین، داوا دەکەن خولی فێرکاریی زمانی کوردی بە شێوەی ئۆنلاین بۆ مناڵەکانیان بکرێتەوە.

فەرهاد ڕاوش مامۆستای زمانی کوردی دەڵێت: لەدوای خۆپیشاندانەکانی ژینا، هاووڵاتییانێک زۆر جۆش و خرۆشیان بۆ فێربوونی زمانی دایک و شێوەزارەکانی زیادی کردووە، هەر ئەمەش هۆکار بووە کوردانی دانیشتووی تاران و ناوچەکانی دیکە ئێران داوای کردنەوەی خوولی ئۆنلاینی فێربوونی زمانمان لێ دەکەن، بە تایبەت بۆ منداڵان، ئەمەش ئاماژەیەکە کە هاووڵاتییانێکی زۆری کورد لە ناوچە جیاجیاکان هەن بە پەرۆشی فێربوون و پاراستنی زمانی دایک و زیندوو هێشتنەوە کولتووری ڕەسەنی نەتەوەیی کوردن.

ڕێکخراوی فەرهەنگی و هونەریی ڤەژین، ڕێکخراوێکی مەدەنیی ناحکومیییە کە ئەندامەکانی خۆبەخشن. ئەم ڕێکخراوەیە جیا لە پەروەردەی زمانی کوردی، لە بواری بە دیجیتاڵیکردنی دەقی کوردیشدا هەنگاوی گەورەی هەڵێناوە و دوو ماڵپەڕی ڤەژینبووک و ڤەژینلێکس، بەرهەمی کاری خۆبەخشانەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیەن کە لە تۆڕی ئینتەرنێت خزمەت بە زمان و خوێنەرانی کورد دەکەن.

Fly Erbil Advertisment