کاردانەوەکان دژی هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر و داخستینی بەردەوامە

بورهان محەممەد: داخستنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر کارێکی ترسنۆکانەیە

بورهان محەممەد مەجید پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە عێراق و نووسەری ناسراوی سلێمانی بۆ کوردستان24 دەڵێ "داخستنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر و دەستبردن بۆ مەلا بەختیار سەرکۆنە دەکەم و بە کارێکی ترسنۆکانەی دەزانم و پاشەکشەی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینە".

بورهان محەممەد گوتیشی: داخستنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر هەموو ڕووناکبیرانی دڵگران کردووە، ئەمەی کراوە جەخت لەسەر بەرتەسک کردنەوەی ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەری نووسین و قەڵەم و ئازادی ڕادەربڕین دەکاتەوە، ئێستا ترس لەوە سلێمانی بگەڕێنێتەوە بۆ سەدەیەک لەمەوبەر.

هەروەها ڕەخنە لە یەکێتی گرت و ڕایگەیاند، لەسەرەتای شۆڕشەوە یەکێتی خۆی ئەو ناوەندانەی کردووەتەوە و پشتیوانی دامەزراندنی کردوون، ئێستا کە دایاندەخات پرسیارێکی گەورەیە و ڕووبەڕووی سەرکردایەتیی یەکێتی دەبێتەوە، هەربۆیە دەبێت ئەو ڕەفتارانە ڕابگیرێت و لەلایەن هەموو ڕووناکبیران و هاووڵاتییانیشەوە هەڵوێست وەرگیرێت، چونکە ماوەیەیە دەبینین کەسانی دژە دیموکراسی دژی ئەم ناوەندانە وەستاونەتەوە، ئەمەش پاشەکشەیە لە دیموکراسی، ئازادی و ئەو چەمکانەی کە ڕووناکبیران پێوەی ماندوو بوون و شەونخونیان بۆی کردووە بۆ ئەوەی ئەم ناوەندانە لە سلێمانی دروست بکەن.

بورهان محەممەد گوتیشی: ئێستا کەسانێک کە هیچ ئاگاییەکیان لە مێژوو و خەباتی یەکێتیی نییە ڕاوەدووی ئەو کەسایەتییانە دەنێن کە یەکێتی ڕەسەنن، ئەمە کارێکی خراپ و مەترسیدارە، هەربۆیە داخستنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر و دەستبردن بۆ مەلا بەختیار سەرکۆنە دەکەم و بە کارێکی ترسنۆکانەی دەزانم.

سەبارەت بە ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، پەرلەمانتارەکەی پێشووی یەکێتی ئاماژەیدا، ساڵانێکی زۆرە چالاکی ڕۆشنبیری دەکات، تاوەکوو ئەو ئاستەی لە سلێمانی هەموو ڕۆناکبیرانی بە بیر و هزری جیاواز کۆکردبووەوە و ڕۆشنبیر و ڕووناکبیران لەوپەڕی چەپ تاوەکوو ڕاست کۆڕیان تێدا دەگێڕا و هەموو کەسێکی بەبیر و ڕای ئازادەوە بەشداری تێدا دەکرد، هەروا جیا لە کۆڕ و سیمینارەکانی ناوەندەکە، بنکە گەلاوێژ هەر لە نێو ئەم ناوەندە بووە کە ساڵانە ڕێکخستنی ڤێستیڤاڵی گەلاوێژی دەکرد و ڤێستیڤاڵەکە بۆ سلێمانی ناوبانگ و ناونیشانێکی گەورەی ڕۆشنبیری بوو.

Fly Erbil Advertisment