مامۆستا جه‌عفه‌ر: هەڵکوتانە سەر خەڵک بە هێزی سەربازی کارێکی نامۆیە

مامۆستا جه‌عفه‌ر: پێناسەی یەکێتی حزبێکی دیموکراسی و ئازادی ڕا دەربڕین بوو، نەک ئەوەی ئێستا هەیە

مامۆستا جه‌عفه‌ر سیاسه‌تمه‌دار لە بارەی هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێری و داخستنی ناوەندەکە لە لایەن هێزێکی کۆماندۆوە بۆ كوردستان24 گوتی: تاوەکوو دوێنێ دەیانوت هەرچی قسە بە مەلا بەختیار بڵێت دژی یەکێتییە، کەچی ئێستا تەواو پێچەوانە بووەتەوە و خۆیان دژایەتی مەلا بەختیار دەکەن.

مامۆستا جەعفەر سەرکردەی پێشووی یەکێتی و سیاسەتمەدا گوتیشی: یەکێتی هی کەس و کاری شەهیدانە، هی تیکۆشەر، پێشمەرگە دێرینەکان، کەسانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە ئەندامان و جەماوەرەکەی بەمە گۆشکراون کە حزبێکە بڕوای بە دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینەوە هەیە، لەلای خودی مام جەلالیشەوە وەها پێناسە کراوە، بەڵام ئێستا کەسانێک هاتوون و بەشێوەیەکی دیکە پێناسەی یەکێتی دەکەن، بۆ من نامۆیە، چونکە تاوەکوو دوێنێ دەیانوت هەرچی قسە بە مەلا بەختیار بڵێت دژی یەکێتییە، بەڵام ئێستا تەواو پێچەوانە بووەتەوە و خۆیان دژایەتی مەلا بەختیار دەکەن.

له‌باره‌ی هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر و داخستین ڕایگه‌یاند، ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن لە یاسا نازانن، چونکە هەڵکوتانە سەر خەڵک بەرێگەی سەربازی نامۆیە.

مامۆستا جەعفەر گوتیشی: " قوباد تاڵەبانی گوتویەتی تاقەتم نییە باسی مام جەلالم بۆ بکەن، هەربۆیە ناکرێت خەڵکی دیکە پێناسەی یەکێتیمان بۆ بکات و جێگەی شەرمە ڕێز لە تێکۆشەرانی حزبەکەت نەگریت، لە کاتێکدا مەلا بەختیار ڕۆڵێکی گرنگی لەناو یەکێتی گێڕاوە".

کاتژمێر 5ـی ئێوارەی پێنجشەممە 5ی ئەیلوولی 2024، لە گردی ئەندازیاران له‌ سلێمانی هێزێکی کۆماندۆ، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر کە مەلا بەختیار سەرپەرشتی دەکات و ناوەندەکە و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژیان داخست و کەلوپەلەکانیشیان بردن.

Fly Erbil Advertisment