مەسرور بارزانی و شاندێکی سەربازيی بەریتانی: پێویستە پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت

ئهمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى لە شاندێکی سەربازيی بەریتانی کرد بە سەرۆکایەتيی ئیدوارد ئاڵگرن، ڕاوێژكارى باڵای بهرگريى بهريتانى بۆ کاروباری ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكوورى ئەفریقا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەدا کە ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، "گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی هەماهەنگی وهاریکاريی ئەمنی و سەربازی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا".
هەردوولا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هاوڕا بوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕوووبەڕوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر".
لە تەوەرێکی دیکەدا، بیروڕا لەبارەی داهاتووی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا. "لەمبارەیەوە جەخت لە پێویستیی درێژەدان بە پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کرایەوە".