چاودێران: لە عێراق سوپا ئهلیكترۆنییهكان مهترسین بۆ سهر كۆمهڵگه

لە ژینگەی سیاسی عێراق سەدان پەیج و ئەکاونتی وەهمی هەن کە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە پشتیوانیی دەکرێن و ئامانجیان هێرشکردنە سەر ڕکابەرە سیاسییەکانیانە.
سوپاگەلێک کە سەرچاوەی هێزەکەیان چەک و جبەخانە نین، بەڵکوو ژمارەی لایک و هەوادارەکانیانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەانەی سەرکردایەتیی ئەم سوپایانە دەکەن زۆرینەیان نادیار و نەناسراون؛ بەڵام لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەوە کار لەسەر وێرانکردنی دوژمنەکانیان دەکەن. ئەمانە سوپای ئەلیکترۆنین، مەیدانی شەڕەکەیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە؛ بەم دواییانە ئەم تۆڕانە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی سیاسی بەکار دەهێنرێن.
عەلا حەیدی، چاودێری سیاسیی باس لەوە دەکات "خۆشاردنەوە لە پشتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە باشترین ڕێگەیە بۆ هەڵهاتن لە یاسا و لێپرسینەوە. ئەگەر ئەمڕۆ کەسێک ناوی دیار بێت و تۆمەت دروست بکات، ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ ناو و ناسنامە شەڕی یەکتر دەکەن و یەکتر وێران دەکەن".
مەترسیی سوپای ئەلیکترۆنییەکان وەک چاودێران باسی دەکەن لەوەدایە شەڕی سیاسی دەکەن و بە پارەی سیاسییەکان بەڕێوە دەبرێن. بە شێوەیەکی دیکە حزبەکان پارەیەکی خەیاڵی بۆ پاڵپشتیی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییانە خەرج دەکەن.
قوسەی عەباس، چالاکوان ئاماژە بـەوە دەدات "حزبێکی دیاریکراو هێرش دەکاتە سەر حزبێکی دیکە، کەسایەتییەک پەلاماری کەسایەتییەکی دیکە دەدات، ئەمانە و نەبوونی متمانە لەپشتی چالاکبوونی سوپا ئەلیکترۆنییەکانەوەن. گومانیشی تێدا نییە پارەی دەوڵەت بۆ پشتوانیی ئەم جۆرە کەسانە بەکار دەهێنرێت".
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ئەو پارەیەی لە سوپای ئەلیکترۆنیدا خەرج دەکرێت مانگانە دەگاتە نزیکەی 150 ملیۆن دینار، ئەم ژمارەیە دەرخەری زۆری پەیج و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، ئامانجیشیان یان لێدانە لە کەسایەتییەکی سیاسی یان پیاهەڵدانە بە بەرپرسەکاندا.