سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر: چەواشەکاریی لە دۆسییەی نارین کراوە

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر ڕایگەیاند، چەواشەکارییەکی زۆر لەبارەی دۆسیەی نارین کراوە سەرەڕای ئەوەی دادگا بڕیاری داوە پرۆسەکە بە نهێنی بەڕێوە بچێت.
ناهید ئەرەن، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، بە سیفەتی داواکار سکاڵایەکیان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی بەشداریی لە دۆسیەکە بکەن، ئەم هەوڵەشیان لەپێناو بە ئەنجام گەیشتنی دادپەروەریی و سەپاندنیی سزای پێویستە بە تۆمەتبارانی کوشتنیی "نارین گۆران"ـی تەمەن هەشت ساڵ.
لەپێناو بە ئەنجام گەیشتنی دادپەروەریی و سەپاندنی سزای پێویست بە تۆمەتباران، ئەمڕۆ بە سیفەتی داواکار سکاڵایەکمان پێشکەش کرد، بە بۆچوونی ئێمە پشتگوێخستنی ئەو هەواڵانەی کە بە پۆلیس دراون لەبارەی نارینەوە کەموکورتییەکی زەقە. هەروەها چەواشەکارییەکی زۆر لەبارەی لێکۆڵینەوەکە کراوە، هاوکات هەندێک زانیاریی بڵاوکراوەتەوە کە پێویستە ئاماژەی پێ نەدرێت، ئێمە لە تەواوی پرۆسەکە پابەندی بڕیاری بەنهێنی مانەوەی دۆسیەکە بووین.
ڕۆژی 12ـی ئەیلوولی 2024، یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا دوای بەشداریکردنی لە دیدارێکدا، ڕایگەیاند، دۆسیەی تاوانی کوشتنی نارین بە نهێنی بەڕێوە دەبرێت، بەڵام بوونی دەنگۆی هەڵە بووەتە هۆی زیان گەیاندن بەو دۆسیەیە، گوتیشی: هەر کەسێک دەستی لەو تاوانە هەبێت، توندترین سزا دەدرێت.