یەکێتی پێشێلی ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی ئینتەرناشناڵ سۆسیالیستی کردووە

K24 – ستۆکۆڵم:
ڕێکخراوی ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست، ڕێکخراوێکی جیهانیەو سۆسیال دیموکراتەکانی جیهان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و لە ناویشیدا چەند پارتێکی کوردی هەن، بە ئەندام بوونی هەر پارتێک لەو رێکخراوە مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە کە سەرەکیترینیان دادپەروەری و ئازادی و یەکسانییە، ئەندامێکی پارتی سوسیال دیموکراتی سوید دەڵێت: نابێت پارتی ئەندام لە سۆسیال دیمرکرات دامودەزگا ئەمنییەکانی وڵات لە بەرژەوەندیی کەسی و حزبی بەکاربهێنێت.
پارتەکانی ئەندام لە سوسیال دیموکرات ئەجێندا و سیاسەتێکی گشتی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەیە، کە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی ئازادی ڕادەربرین کاری لە پێشینەیانە، پارتەکانی ئەندام لە سۆسیال دیموکرات مەرجە گرنگی بە یەکسانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بدەن، ھەر ئەوەش وایكردووە لە پارتەكانی دیكە جیایان بكاتەوە.
کارین وانگۆرد، سەرۆکی شارەوانی ستۆکهۆڵم، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سۆسیال دیموکراتی واتای زۆری هەیە، بەڵام بۆ من یەکسانە بە یەکسانی لەنێوان مرۆڤەکاندا، دەبێت ژیان ئاسان بێ بۆ منداڵەکانمان، دەبێت ئاسانکارییان بۆ بکرێ بۆ خوێندن و ژیانێکی باش، سۆسیال دیموکراتی بناغەی کۆمەڵگەیەکی بەهێز دادەمەزرێنێت."
بۆ ئەوەی پارتێک لە ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی سۆسیال دیموکرات ببێت بە ئەندام چەندین مەرج و پێوەری تایبەتی هەن دەبێت رەچاویان بکات و لە سیاسەتەکەیدا ڕەنگ بداتەوە .
بە هیچ شێوەیەک نابێت پارتی سوسیال دیموکرات هێزی چەکداری هەبێت و دامودەزگا ئەمنییەکانی وڵات لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت، بەڵام بەم پێوەرە بێت یەکێتی نیشتمانی كوردستان کە ئەندامی ڕێکخراوەکەیە پێشێلی ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکەی کردووە.
لای خۆیەوە ئاندش ئۆستربەری، سیاسەتمەدار، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە هاتینە دەرەوە لە ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست، هەندێک خاڵمان بەلاوە پەسەند نەبوو، خۆمان رێکخراوێکی ئینتەرناشناڵمان دامەزراندووە .
گوتیشی: دیارە ئێستا ئێمە خۆمان بۆ شەڕ ئامادە دەکەین وەکوو نەتەوەی سوید، من خۆم لەناو سوپای سویدم، شەر بۆ وڵاتەکەم دەکەم نەک بۆ حزبەکەم، ئەگەر هەڕەشە لە سەر سوید بێت ئێمە هەموومان بەرگریی دەکەین.
ئینتەرناشناڵ سوسیالیست ڕێکخراوێکی جیهانییە لە 3ـی حوزەیرانی ساڵی 1951 دامەزروە و زۆرینەی سۆسیال دیموکراتەکانی جیهانی لە خۆكۆكردووەتەوە، مەرجی بە ئەندامبوون لەو رێکخراوەدا دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی ڕادەربرین بێت .