ئەشواق جاف: ئەو کەسەی دژی پێدانی مافی پێشمەرگەیە بە ڕێککەوت بووە بە کەسی سیاسی

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ئەو کەسەی دژی مافەکانی پێشمەرگە و پڕ چەککردنی ئەو هێزە نیشتمانیەیە، بە ڕێککەوت بووە بە کەسی سیاسی، دەشڵێت: ئەگەر هەولێر و بەغدا ڕێک بکەون، ئەو کەسە بوونی لە پرۆسەی سیاسی نامێنێت.
یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی خۆیان، هەندێ کەس و لایەن پەنا بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان دەدەن چونکە ناتوانن خزمەتی خەڵکی خۆیان بکەن، هەر لەبەر ئەوە دەستییان بۆ بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان برد و مافەکانی خەڵکی کوردستانیان بڕی، شکستی خۆیان بەوە دەشاردەوە کە بەشێک لە بودجە دەدەنە کوردستان بۆیە ناتوانن خزمەتی خەڵکی خۆیان بکەن.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی پارتی دەڵێت: محەمەد حەلبووسی ئاگەداری ئەوە نییە کە پێشمەرگە پشتێنەی بەرگریی داعشی شکاند بۆ ئەوەی هێزەکانی عێراق بچنە ناو شاری مووسڵ.
دەشڵێت: هێزی پێشمەرگە هیچ کاتێک هێرشی نەکردووەتە سەر هێزی عێراق، بەڵکو بەرگریی لە خاکی کوردستان کردووە لە پردێ و سحێلا کە هێرشی کراوەتە سەری، دەشڵێت: ئەو لێدوانەی حەلبووسی فیتنە دروست دەکات، دژی دەستوورە، چونکە بەپێی ماددەکانی دەستوور هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، ڕۆڵی پیشمەرگە لە ڕزگارکردنی بەشێک لە خاکی عێراق لە دەستی داعش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێشمەرگە بەرگریکارە و بەشێکی خاکی عێراقی ڕزگار کردووە.
ئەشواق جاف گوتیشی: ئەو کەس و لایەنەی دژی پێدانی مافی پێشمەرگەن، ئەو لایەنانەی کێشە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور دروست دەکەن، دژی پێشمەرگە و مافی پێشمەرگەن، ئەوانە بە ڕێککەوت بوون بە کەسی سیاسی، ئەگەر هەرێم و عێراق ڕێک بکەون و مافی پێشمەرگە بدرێت، ئەو کەسانە بوونیان لە پرۆسەی سیاسی عێراق نامێنێت.