مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانە دادەنێت

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شارۆچکەی خەبات لە سنووری پارێزگای هەولێر بەردی بناغەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانە دادەنێت.
هەر لە چوارچێوەی بایەخدان و پێشخستنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێنمایی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم قوتابخانە گڵەکانی سنووری ئیدارەی سۆران بەشێوازێکی نوێ دروست دەکرێنەوە کە ژمارەیان 28 قوتابخانەیە.
لەمبارەوە یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشت ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەونیدا ڕایگەیاند، 18 قوتابخانەیان دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی سیدەکان و هەشت قوتابخانەی دیکەش دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، یەک قوتابخانە دەکەوێتە شارۆچکەی چۆمان قوتابخانەیەکیش دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی ڕواندز.
هەروەها 1ی ئەیلوول، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەک لە شارۆچکەی کۆیە دابین کراوە.
هەروەها لەم مانگەوە تاوەکوو تشرینی یەکەمی ئەمساڵ 42 باڵەخانەی نوێی باخچەی منداڵان و قوتابخانە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024 – 2025 دەکەونە خزمەتی قوتابییان، بەمەش سیستەمی دوو دەوامیی لە زۆرینەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان نامێنێت.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لە 195 باڵەخانە و 460 ژووری نوێی بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان دروست کراون و 1660 قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوە و هاوکات شوێنی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە کەرتی حکوومەتیدا کراوەتەوە و بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 25ی ئەم مانگە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 دەبێت.