سەرپەرشتی بایۆمەتری لە دهۆک: ڕاهێنان بۆ ڕێکخستنی لیستی مووچە بەڕێوە دەچێت

سەرپەرشتی بایۆمەتری لە دهۆک ڕایگەیاند، ڕاهێنان بۆ ڕێکخستنی لیستی مووچە بەردەوامە و ئێستەش %90ـی دامودەزگاکان ڕاهێنانیان پێ کراوە.
سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، فرسەت حسێن، سەرپەرشتی بایۆمەتری لە دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە بارەی ڕێکخستنەوەی مووچە، سیستەمی ناوەندی مووچە دوو ساڵە خەریکە و ئێستەش چووەتە بواری جێبەجێکردن کە %90ـی دامودەزگاکانی دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕاهێنانیان پێ کراوە.
ئیستە لیستی مووچە خراوەتە سیستەمی مووچە، ئیتر لیستی مووچە وەک لیست نامێنێت هەمووی دەبێت بە دیجیتاڵ و لە هەفتەی داهاتوو هەموو دامودەزگاکان دەخرێتە ناو سیستەم.
بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماوەی یەک مانگ دەبێت هەموو دامودەزگان لیستەکانیان بخرێنە ناو سیستەم و ڕاهێنانیان پێ بکرێت، مووچەی داهاتوو هەمووی بە دیجیتاڵ کراوە و لەو ڕێگەوە دابەش دەکرێت، لیستی مووچە لە گەنجینە و دامودەزگاکان بە کاغەز نامێنێت.
لە ڕابردوودا لیستی مووچە بە شێوەی کاغەز دەدرا و ئامادە کردنی زۆر قورس بوو، بەڵام ئێستە بە شێوەیەکی باش خراوەتە سیستەم و بۆ ژمێریاری، و گەنجینە و دامودەزگان بە ئاسانی هەرکەسێک کارتی هەژماری منی کەوتە کار، دەتوانێت بچێتە ناو سیستەمەکە و مووچەی خۆی ببینێت.