فراکسیۆنی پارتی گەڕایەوە دەوامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
حەسەن مەجید: چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەین

حەسەن مەجید سەرۆکی فراکسیۆن پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ: گەڕاینەوە دەوامی ئەنجوومەن و چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵیش دەکەین، بۆ هەر بڕیارێک قسەی خۆمان دەبێت.
حەسەن مەجید بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ وەک مافێکی یاسایی و ئاسایی گەڕاینەوە سەر ئەرکی خۆمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کەرکووک.
گوتیشی: نووسینگەی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبێتە ناوەندێک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و گوێگرتن لە داواکارییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگەکان.
هەروەها گوتی: فراکسیۆنی پارتی هیچ تێبینی و سەرنجێکی لەسەر کەس و کەسایەتییەک نییە لە ئیدارەی کەرکووک، تەنیا تێبینییەکان لەسەر کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشیدی بەغدایە، هەربۆیە چاوەڕوانن دادگای فیدراڵی بڕیارێكی یەکلاییکەرەوە بۆ بەرچاو ڕوونی هەموو لایەنەکانی کەرکووک بدات، ئایا ئەو کۆبوونەوەیە یاسایی یان نایاسایی بووە. گوتیشی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەبێتە خاڵی یەکلایی بوونەوەی فراکسیۆنی پارتی لە بەشداربوون یان بەشدارنەبوون لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پرسی پۆستە ئیدارییەکان.
شەوی شەممە 10ی ئابی 2024، بێ بەشداریی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.