داعش دەبێتەوە هەڕەشە لەسەر ئەوروپا

وڵاتانی ئەوروپا بە هاوڤەشی ناتۆ داوایان لێدەکرێت هەڕەشەی گرووپە توندئاژۆکان لەبەرچاوبگرن لەپێناو پاراستنی ئەوروپا.
بارزان حەسەن پەیامنێری کوردستان24 لە بروکسل ڕایگەیاند: بەپێی ڕاپۆرتی یۆرۆپۆل، بەهۆی جەنگی سەر غەززە، هەڕەشە و مەترسییەکانی گرووپەکان لەسەر ئەوروپا زیادی کردووە، دەشڵێت: بەردەوامی جەنگی سەر غەززە وای کردووە لە هەندێ وڵاتی ئەوروپا نیگەرانی لای هاووڵاتییان دروست بێت، هاوکات چالاکیی گرووپەکان بە دانانی بۆمب و هەڕەشەکردن لە شوێنە گشتییەکان زیاد بکات.
بارزان حەسەن دەڵێت: داعش هەڕەشەی کردووە، یۆرۆپۆلیش داوای لە ناتۆ و ئەوروپا کردووە، پێویستە هەردوو ڕێکخراوەکە هەڕەشەی گرووپەکان لەبەرچاو بگرن.
هاوکات ئاوارە هەورامی پەیامنێری کوردستان24 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید گوتی: بەگوێرەی هەواڵی میدیاکان هەرچەند دەڵێن داعش هەڵوەشاوەتەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەک لە داعشەکان لە ئەوروپاوە چوونەتە ڕیزی داعش، ئەوانەشی لە فینلەند دەستگیرکراون، مەترسیی جددین لەسەر ئەورووپا.
ئاوارە هەورامی دەشڵێت: لە ئەوروپا باس لە توندکردنی سنوورەکان دەکرێت، نەوەک تەنیا دژ بە پەنابەران، بەڵکو بۆ ڕێگەگرتن لە دزەپێکردنی ئەوانەی هەڕەشە دروست دەکەن.
دەشڵێت: پۆلیس لەوانە دەپرسێتەوە کەجلی گرانبەهایان لەبەر بێت، یاخود کاتژمێر و ئۆتۆمبێلی گرانبەهایان پێ بێت.
هەروەها گوتیشی: سوید لە ساڵی 2025 دا 13 ملیار یۆرۆی بۆ هێزی بەرگریی زیاد دەکات، بۆ ئەوەت بتوانێت زیاتر بەرگریی لە پاراستنی ئاسایشەکەی بکات.