ئیسرائیل لێکۆڵینەوە سەبارەت بزربوونی یەحیا سینوار دەکات

ئیسرائیل بەدواداچوون بۆ ئەگەری کوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، یەحیا سینوار، لە غەززە دەکات، دوای ئەوەی ئەو هەواڵانەی لەلایەن چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل بڵاو کراونەتەوە، قسەیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە، بەوەی  ماوەیەکی درێژە سینوار، پەیوەندییەکانی بە جیهانی دەرەوە پچڕاوە.

ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن پەخشی گشتیی 'کان' و ماڵپەڕەکانی 'هارتز و مەعاریف و واللا' گواستراونەتەوە، دەڵێن: بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، ڕەنگە سینوار لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژرا بێت.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە کە ئیسرائیل پیی وایە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە، ئاماژە بەوە بکات سینوار کوژرا بێت، دەزگای هەواڵگری گشتی ئیسرائیل 'شاباک'، پێی وایە کە سینوار هێشتا لە ژیاندایە.

بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل بە چەند مێدیایەکی وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەگەری مردنی سینوار تەنیا قسە و باسێکی بێ بنەمایە.

دەشڵێن: لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل تونێلەکانی لەو ناوچانە بۆمباران کردووە کە گومانی ئەوەی لێ دەکرا سینوار خۆی لە یەکێک لەو تونێلانەدا حەشار دابێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی ڕوون نییە بۆ ئەوەی چی بەسەر هاتووە، ڕەنگە ئەویش لەنێو ئەو کەسانەدا بێت کە بە ئەنقەست و بۆ ماوەیەک خۆیان لە جیهانی دەرەوە داببڕن.

ئیسرائیل، سینوار بەوە تۆمەتبار دەکات کە پلاندانەری سەرەکی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـیە بۆ سەر ئیسرائیل.

بزووتنەوەی حەماس مانگی ڕابردوو، چەند ڕۆژێک دوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، دانانی سینواری وەک بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی خۆی ڕاگەیاند.

لێکەوتەکانی هێرشی ئەلیکترۆنی

سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024 لە یەک کاتتدا ئامێرە بێتەلەکانی پەیجەری ئەندامانی حزبوڵڵا لە لوبنان تەقینەوە، بەهۆیەوە 11 كه‌س کوژران کە یەکێکیان  منداڵێک بوو، 2800 کەسی دیکەش بریندار بوون كه‌ برینی چوار سه‌دیان سه‌خته‌.

چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، جارێکی دیکە، سەدان ئامێری بێتەلی جۆری وۆکی تۆک ئایکۆم کە بەدەست ئەندامانی حزبولڵای لوبنانیەوەن، تەقیونەتەوە، تا ئێستە بەهۆیە چه‌ند کەسێك کوژران و زیاتر لە 300 کەسیش بریندار بوون.

هەر زوو دوای ڕووداوی تەقینەوەکان، حزبوڵلای لوبنانی ڕایگه‌یاند: هه‌واڵگریی ئیسرائیل توانیویه‌تی دزە بکاتە ناو ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیی ئه‌ندامانیان، لەپاڵ ئەویشدا ئاژانسی نیشتمانی لوبنان ئاماژەی بەوە کرد کە هه‌واڵگریی ئیسرائیل دزەی کردووەتە ناو ئامێری بێتەلی جۆری "په‌یجه‌ر"ـی ئه‌ندامانی حزبوڵلا، كه‌ ئامێرێكی بچووكه‌ و بۆ په‌یوه‌ندی به‌كار دێت، بەهۆی تەقینەوەی ئامێره‌كانیش دەیان ئەندامی حزبوڵڵا بریندار بوون.

دواتر ڕۆژی هه‌ینی، 20ـی ئه‌یلوولی 2024، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بڵاویان كرده‌وه‌، ئه‌ندامانی حزبوڵلای لوبنانی ڕۆژێك به‌ر له‌ ته‌قینه‌وه‌كان، ئامێری بێته‌لی په‌یجه‌ریان وه‌رگرتوه‌، واته‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ئامێره‌كانیان وه‌رگرتووه‌ و ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 17ـی ئه‌یلوولی 2024 ته‌قیونه‌ته‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ باسیان له‌وه‌ كردووه‌، چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له‌ ته‌قینه‌وه‌كان ئه‌ندامێكی باڵای حزبوڵلا یه‌كێك له‌ ئامێره‌كانی وه‌رگرتووه‌ و دواتر به‌ ده‌ست یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی بووه‌ و ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

پێشتریش سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی لوبنانی گوتبووی، ئامێری په‌یجه‌ر ته‌قینه‌وه‌ی له‌ناودا چێنراوه‌ و دۆزینەوەی ئەستەم بووە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس: هێرشی ئەلیکترۆنی ئامادەکارییە بۆ شەڕێکی فراوان

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە لوبنان، ئامادەکارین بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان.

گۆتێرێس ئاماژەی بەوە دا، ئاماژەی هێرشە بۆ سەر لوبنان و مەترسیی گرژتربوونی ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیل هەیە. جەختیش دەکاتەوە، پێویستە هەموو کارێک بۆ ڕێگریی لە گرژبوونێکی وەها بکرێت.

زیاتر لە 11 مانگە شەڕی غەززە بەردەوامە

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 41 هه‌زار و 226 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌. هاوكات، ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته زیاتر له‌ 95 هه‌زار و 413 كه‌س. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران. کە تا ئێستا زیاتر لە 130 بارمتە ئازاد کراون.

Fly Erbil Advertisment