گەندەڵی دەروازە سنوورییەکان لە کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراق دەرچووە

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕافد عەتوانی، شرۆڤەکاری سیاسی، نهێنیی ڕووداوەکانی دەروازە سنوورییەکان ئاشکرا کرد و گوتی: عێراق بەتەواوی توانای کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی نییە.

عەتوانی بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاندووە "دەروازە سنوورییەکان بە یەکێک لە دەرگا سەروەرییەکانی عێراق دادەنرێت، هەروەها یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی گەندەڵیشە بۆ لایەنە سیاسییەکان". ئاماژەی بەوەش کرد "خراپ مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیانی عێراقی دەکرێت ئەوەش پشت بە لایەنێکی سیاسی دەبەستێت".

عەتوانی باسی لەوەش کرد "زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق باڵی سەربازییان هەیە، هەربۆیە ئەو گەندەڵکاریەی لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت و پارێزگاری لێ دەکرێت. گوتیشی: دەروازە سنوورییەکان لەنێو ئەو دەروازە ئابوورییانەدان کە زۆرێک لە گرێبەستەکانی پێیدا تێدەپەڕن، وەک گەندەڵی، قاچاخبردنی دراو، سپیکردنەوەی پارە و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.

ڕوونیشیکردەوە "هەر فەرمانبەرێک هەوڵی ڕاپۆرتکردنی بوونی گرێبەستی گەندەڵی بدات، تووشی دەرکردن و لێدان و سزای بەردەوام دەبێت، هەندێکیشیان بە شێوەیەکی فیزیکی پاکتاو دەکرێن، حاڵەت هەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانە، کە باشترین بەڵگەش ئەفسەرێکی پۆلیس بوو کە بە شێوەیەکی ترسناک تیرۆر کرا، چونکە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە قاچاخچێتی نەوت لە بەندەرەکانی بەسرە ئاشکرا کردبوو.

لە کۆتاییدا گوتی:کۆمپانیای سۆمەر ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، سەبارەت بە بوونی زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی قاچاخ لە بەندەرەکانی باکورەوە.، جەختیشی کردەوە "عێراق بە تەواوەتی بێتوانایە لە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، کە بەگەورەترین دەروازەی گەندەڵی دادەنرێت".

Fly Erbil Advertisment