چاودێری بازرگانی هەولێر: کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو لە باشماخ و سلێمانی دەهێنرێتە هەولێر

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو لە سنووری بەغدا و سلێمانیی باشماخەوە دەهێنرێت بۆ هەولێر.

چوارشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2024، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەکو بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی بەردەوام تیمەکانمان گەڕان و پشکنین و چاودێری بازارەکانی هەولێر دەکەن، لە ئەنجامی ئەو پشکنینانە دەست بەسەر ئەو کەلوپەلانە دەگرین کە تێکچوون، ماوەیان بەسەرچووە، یاخود گومانیان لێ دەکەین بە هۆی نەگونجانی شوێنەکەیەوە تێکچووبێت.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ئەو کەلوپەلانە لە سنووری بەغدا و سلێمانییەوە دێت، لەگەڵ خاوەنەکانیان لێکۆڵینەوەمان کردووە، چونکە کەلوپەلەکان لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچوون، دەرکەوتووە هەمووی ماوەبەسەرچوون و لە سنووری سلێمانی و باشماخەوە دەهێنرێت بۆ هەولێر.

دەشڵێت: ئەو کەلوپەلانەی زۆربەی بەرواری تەواوە و ماوە، بەڵام لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەرنەچووە ئەوە هۆکاری دەست بەسەرداگرتنیانە.

هۆگر عەلی، ڕاشیگەیاند "ئێمە ڕێنماییەکمان هەیە دەبێت بە پێی ئەو ڕێنماییە هەر کەلوپەلێک بەرواری دەرچوون و ماوەبەسەرچووی لەسەر بێت، لەگەڵ لۆگۆی ئەو شوێنەی کە لە قوتووی ناوە، ئەگەر ئەوانەی لەسەر نەبێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەستی بەسەردا دەگیرێت".

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، داواشی لە هاووڵاتییان دەکرد، هەر کەلوپەلێکی بەسەرچوویان لە هەر شوێنێک بینی یان گومانینان کرد، پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی بکەن و ئاگادارمان بکەنەوە، بۆ ئەوەی لیژنەکانمان بگەنە ئەو شوێنەی کە ئەو کەلوپەلەکەی لێ فڕۆشراوە، چونکە ئامانجی حکوومەتی هەرێم و کابینەی نۆ باشترین کوالێتی خواردن بگاتە دەست هاووڵاتییان.

Fly Erbil Advertisment