كۆندالیزا رایس: كورد نزیكه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی

"پێمان وابوو سەدام چەكە كۆمەڵكوژەكانی نۆژەنكردووەتەوە، ھەربۆیە ھێزی سەربازیمان بەكارھێنا".

K24 - ھەولێر

كۆندالیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌رده‌می ئيدارەی‌ جۆرج بوش له‌ كتێبه‌ نوێیه‌كه‌یدا، گه‌لی كورد له‌ عێراق به‌ شایسته‌ترین و لێهاتووترین پیكهاته‌ ناوده‌بات، كە دواى رووخانی رژێمى به‌عس له‌ عێراق كاريگه‌رييه‌كى زۆرى له‌ عێراق هه‌بووه‌.

رایس له‌ كتێبی "دیموكراسی: داستانی رێگه‌یه‌كی درێژ به‌ره‌و ئازادی" باس له‌ رووداوه‌كانی  شه‌ڕی عێراق و رۆڵی كورد دواى رووخاندنی رژێمی به‌عس ده‌كات، گرنگترینیان ئەوەیە، كورد له‌ چوارچێوه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ى، خۆی به‌ هێزێكی كاریگه‌ر و لێهاتوو پیشاندا، له‌ به‌رامبه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا.

"دەشڵێت (كورد) وەك گەلێك بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌ده‌ست جیاوازی و ئازاری عەرەب و توركەكان دەيناڵاند و خه‌ونی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه‌. له‌ عێراق ئه‌و خواسته‌یان نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌ مسۆگەربوونی".

ھەر له‌ باره‌ی كورد له‌ عێراقدا، رایس باس له‌وه‌ ده‌كات "پاش شه‌ڕی كه‌نداو له‌ساڵی 1991 هه‌رێمی كوردستان بووه‌ خاوه‌ن حكومه‌تی خۆی و له‌ ساڵی 2003 پاش كه‌وتنی به‌غدا و رووخانی سه‌دام حوسێن، ئه‌زموونی 12 ساڵی رابردووی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌كارهێنا و هه‌رێمی كوردستان كاره‌كته‌رێكى كاریگه‌ر و ژێرخانێكی باشترى به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا هه‌بوو".

وه‌زیری پێشووى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "كورد لە قوناغی دواى سەدام لە پێكھاتەكانی دیكەی عێراق شایستەتر و ھەماھەنگتر بوو".

پێشی وایه‌ "شایسته‌بوونی كورد بووه‌ هۆی ئاڵۆزتربوونی سیاسه‌ت له‌ عێراقدا". بۆ ئەوەش ئاماژە بە "ھەڵوێستی یەكگرتووانه‌ى كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی سه‌باره‌ت به‌ یەكپارچەیی عێراق كرد".

رایس لە وتەیەكدا لە زانكۆی ھۆپكینز شتێكی جیاوازی دیكەشی خستەڕوو و گووتی: "عێراق بە یارمەتی ئەمریكا بە زوویی شكست بە داعش دەھێنێت، بەڵام دواتر كێشەكە ئەوە دەبێت، عێراق چییە؟".

دەشڵێت: "كورد داواكارییەكی نوێیان دەبێت بۆ سەربەخۆیی و لە باشووریش،  دەستڕویشتوويی و هه‌ژموونى ئێران زیاتر دەبێت، لە كاتێكدا سوننەكان بێ نەوت دەمێننەوە و ھەست بە ناڕەزایەتی دەكەن".

ھەر لەو بارەوە ئاماژە بەوە دەدات "كۆكردنەوەی عێراق پێكەوە و دامەزراوە دیموكراتەكانی زۆر سەخت دەبێت".

راوێژكاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لە بەشێكی دیكەی قسەكانی تیشكی خستە سەر بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعس و لەو بارەوە گووتی: "ھیچ كاتیك بە سەرۆك بوشم نەگوتووە پێویستە ھێزی سەربازی بۆ ھێنانی دیموكراسی بۆ عێراق بەكار بێنی".

ھۆكاری بڕیاری شەڕى بۆ ئەوە گەڕاندەوە "پێمان وابوو سەدام چەكە كۆمەڵكوژەكانی نۆژەنكردووەتەوە، ھەربۆیە ھێزی سەربازیمان بەكارھێنا".

 رایس لە كتێبەكەیدا بۆ قوناغی دواى سەدام ئاماژەی بەوە داوە، دۆناڵد رامسفێڵد پێشنیازی كرد "كەسێكی بەھێزی دیكە" شوێنی سەدام بگرێتەوە. ئەوكات جۆرج بوش لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە جێگرتنەوەی سەدام، بڕیاری دیموكراسی دابوو.

Fly Erbil Advertisment