کابینەی نۆیەم کارەبای نیشتمانیی گەیاندووەتە 43 گوندی گەرمیان
43 گوندی سنووری ئیدارەی گەرمیان کە بەشێکی زۆریان دوورەدەست بوون، کارەبای نیشتمانیان بۆ دابین کراوە؛ بڕیاریشە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم گوندەکانی دەڤەرەکە کارەباکەیان پێ بگەیەنرێت.
دوای زیاتر سەدەیەک، بۆ یەکەم جارە هێڵی کارەبای نیشتمانی گەیەندرایە گوندی "ڕەمەزان شەشە" لە دەڤەری گەرمیان. دانیشتووانی گوندەکە دڵخۆشن و خەونی دەیان ساڵەیان هاتە دی؛ ئێستا خەمی بارگاویکردنی مۆبایل و هەڵکردنی ئامێرەکانی فینکەرەوەیان نەماوە.
عەلی محەممەد، دانیشتووی گوندی "ڕەمەزان شەشە" بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سوپاس بۆ خوا، زۆر دڵخۆشین کە کارەبای نیشتمانیی گەیەندراوەتە گوندەکەمان. سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە داواکاریی دەیان ساڵەی ئێمەی هێنایە دی. لەمێژە چاوەڕێی گەیاندنی کارەبا بووین".
محەممەد عەزیز، کوێخای گوندەکە ئاماژەی بەوە کرد: "سوپاسی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، هەر چەندە گەیاندنی کارەبای نیشتمانی بۆ گوندەکەمان درەنگ کەوت، بەڵام چەندین کێشەی بۆ چارە کردین".
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، کارەبای نیشتمانی گەیەنراوەتە زۆرینەی گوندەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ کارەبا بگەیەنرێتە سەرجەم گوندەکانی دەڤەرەکە.
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کارەبای نیشتمانی گەیەندراوەتە 43 گوندی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و گەیاندنی کارەباکە، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی ئەو گوندانە بوو".
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "دەبێت تەواوی گوندەکانی هەرێمی کوردستان بە گوندە دوورەدەستەکانیشەوە، کارەبای نیشتمانییان پێ بگات".