سامان بەرزنجی: بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەت، چاکسازییەکان لە کەرتی تەندروستی بەردەوامە

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی چاکسازیی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دەرمان بەڕێوە چوو. وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا ڕایگەیاند: "کەرتی تەندروستی کەرتێکی خزمەتگوزارییە بۆ هەموو هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی، هەروەها بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆتینی کەم کردەوە و هاوسەنگیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین کردووە".
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "کەرتی تەندروستی کەرتێکی خزمەتگوزارییە بۆ هەموو هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی، ئەو خزمەتگوزارییە شەو و ڕۆژ بەردەوامە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "وەزارەتی تەندروستی لەژێر ڕۆشنایی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پلانێکی ورد و درێژخایەنی بۆ ماوەی چوار ساڵ دانا". گوتیشی: "خزمەتگوزاری تەندروستی لە سێ لایەن خۆی دەبینێتەوە، بەشێکیان بەردەوامبوونە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان. بەشی دووەم، پەرەپێدان و فراوانکردنی دامودەزگا تەندروستییەکان و ژێرخانی مرۆیی و ژێرخانی ئامێر و دەرمان و پێداویستیی پزیشکییە،. بەشێ سێیەم، کە زۆر گرنگە، بریتییە لە پرۆژەی ستراتیجی و دابینکردنی پێداویستییەکانی داهاتوو، بەشێوەیەکی پێشکەوتوویی جیهانی".
سامان بەرزنجی ڕاشیگەیاند: "کاتێک لە جیهاندا کە ڕەوشی تەندروستی تووشی قەیران دەبێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت، هەروەها لە ساڵانی ڕابردوو هەرێمی کوردستان تووشی چەندین قەیران بووەوە کە توانی خۆی بەرامبەر ئەو قەیرانانە ڕابگرێت".
باسی لەوەش کرد: "بەردەوام هەوڵی فراوانکردنی ژێر خانی کەرتی گشتی و حکوومەتی دراوە، هەم لە ڕووی بیناسازی، هەم لەڕووی ئامێر و پێداویستیی پزیشکی و پسپۆڕییە جیاوازەکان. بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆتینی کەم کردەوە، هەروەها هاوسەنگی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین کراوە".
وەزیری تەندروستی جەختی کردەوە: "وەزارەت، بۆ یەکەمجار توانی خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە دەرەوەی شارەکان وەک قەزا و ناحیەکان، وەک دابینکردنی پسپۆڕی تایبەت و ئامێری پزیشکی و دروستکردنی نەخۆشخانە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان کەمتر بۆ چارەی نەخۆشییەکانیان سەردانی ناوەندی شارەکان بکەن".
سامان بەرزنجی دەشڵێت: "چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی تەندروستی بەردەوامە، ئەمەش بە پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی بووە، لەهەمووی گرنگتر، دروستکردنی بنەما یاساییەکان بوو بۆ ئیدارەدان و پیشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دوور لەبەرژەوەندی کەسی و حزبی، گرنگترین یاسا بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش و ئامادەکردن و تەواوکردنی قۆناغەکانی یاسای بیمەی تەندروستی، کە لەکاتی پەسەندکردنیدا، دەبێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان.