وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بەسەردانێکی لە ناکاودا گەیشتە کیێڤ

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 21-10-2024، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بەسەردانێکی لەناکاو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، ئەمەش بۆ نیشاندانی پشتیوانیی ئۆکرانیایە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' نوسیویەتی "چوارەم جارە وەک وەزیری بەرگری دەگەڕێمەوە ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی نیشانی بدەم کە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە پشتیوانیی ئۆکرانیا."
بەپێی تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی "ئۆستن لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا ڕوستەم عومەرۆڤ کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر پێداویستییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا دەکەنەوە."
سی ئێن ئێن، ئاماژەی بەوەش کردووە "ئۆستن باسی لەوە کردووە کە چۆن ئەمەریکا دەتوانێت لە ماوەی ساڵی داهاتوودا بەردەوام بێت لە پشتیوانیی سوپای ئۆکرانیا."
لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، کۆشکی سپی پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە بەهای نزیکەی 425 ملیۆن دۆلارە.