ڕاوێژکارانی بایدن بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕی لوبنان سەردانی ئیسرائیل دەکەن

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، "سبەینێ پێنجشەممە، ڕاوێژکارانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ئاموس هۆکشتاین و برێت مەکگۆرک، سەردانی ئیسرائیل دەکەن و هەوڵی ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک دەدەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان".
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکی و ئیسرائیلی نووسیویەتی، "پێمان وایە دواجار حزبوڵڵا ئامادە بووە خۆی لە حەماس لە غەززە دوور بخاتەوە".
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە "دەتوانرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ڕێککەوتنێک بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا".
بەرپرسەکان ئاشکرایان کردووە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ وەزیرەکان و فەرماندەکانی سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکان باسیان لە ئەگەری ڕێککەوتن کردووە".
ئاماژەیان بەوەش داوە، "سەردانەکەی نێردراوانی بایدن بۆ ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناتانیاهۆ پاڵپشتی ڕێککەوتنەکە دەکات، ڕوونیشیکردەوە "هۆکشتاین چاوەڕێی ئەوە بووە ئیسرائیلییەکان هەڵوێستی خۆیان لەسەر ڕێککەوتنەکە یەکلایی بکەنەوە پێش ئەوەی بەرەو ئیسرائیل بڕوات".
ئەکسیوس لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە نووسیویەتی "ئەو ڕێککەوتنەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت ڕاگەیاندنی ئاگربەست و دواتر ماوەی گواستنەوەی 60 ڕۆژ دادەنرێت" و گوتی "ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای دووبارە جێبەجێکردنەوەی بڕیاری 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە".
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەککە بەماڵپەڕە ئەمەریکیەکەیان گوتووە، "حزبوڵڵا چەکی قورسی خۆی بەرەو باکووری لیتانی دەگوازێتەوە، دوور لە سنوورەکانی ئیسرائیل لە قۆناغی گواستنەوە".
هەمان سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، "سوپای ئیسرائیل لە قۆناغی گواستنەوەدا وردە وردە هێزەکانی بۆ دیوی ئیسرائیلی لەسنوورەکە دەکشێنێتەوە".