لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی هیندستان، 10 مەلۆتکە گیانیان سپارد

ئەمڕۆ شەممە، 16-11-2024، دەسەڵاتدارانی ناوخۆی هیندستان ڕایگەیاند "لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری جانسی لە باکووری هیندستان، لانیکەم 10 مەلۆتکە گیانیان سپارد."
ئاگرەکە، ڕۆژی هەینی لە نەخۆشخانەی زانکۆی ماهارانی لاکشمیبای لە جانسی لە ویلایەتی ئۆتار پرادێش، کە نزیکەی 450 کیلۆمەتر لە نیودەلهی دوورە، کەوتووەتەوە.
لە گرتە ڤیدیۆکاندا دەرکەوتووە، کە جێگەی نوستن و دیوارەکانی ئەو بەشەی نەخۆشخانەکە سووتاون، هەروەها ستافی پەرستارەکان چارەی ئەو مەلۆتکانە دەکەن، کە چەند ڕۆژێکە لەدایک بوونە"
بەرپرسی ویلایەتی براجیش پاتاک بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "بەداخەوە 10 مەلۆتکە گیانیان سپاردووە." ئاماژەی بەوەش کرد "تا ئێستا لە کۆی 10 منداڵە مردووەکان، توانراوە حەوتیان بناسێنرێنەوە."
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "تایمز ناو هیند"ی، 16 مەلۆتکەی تر باری تەندروستییان ناجێگیرە."
کەناڵی NDTV بڵاوی کردەوە "54 منداڵی ساوا لە بەشی چاودێری چڕی تازە لەدایکبوواندا بوونە کاتێک ئاگرەکە کەوتووەتەوە."