دوای سەرژمێری، ئەگەری هەیە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق زیاد بکرێت

دەستوورى عێراق بەپێی سەرژمێرییەكانی پێشووی دانیشتووان پێوەرى هەر کورسییەکى پەرلەمانى بەرامبەر بە 100 هەزار کەس دیاری کردووە، واتە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان كاریگەری لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش دەبێت.
لیژنەی هەرێم و پارێزگاكانی پەرلەمانی عێراقیش پێشبینی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەكات.
جەواد یەساری، ئەندامی لیژنەكە ڕایگەیاند "ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەپێی ژمارەی دانیشتووان دیاری کراون، بۆیە پێشبینی دەکەن دوای سەرژمێریی دانیشتووان ژمارەی ئەو کورسیانە زیاد بكرێت."
ئاماژەی بەوەش كرد "ژمارەی دانیشتووانی عێراق زۆر زیاترە لەو ژمارە خەمڵێنراوانەی وەزارەتی پلاندانان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیكەی حكوومەت پشتی پێ دەبەستن."
بەپێی سەرژمێرییەكانی پێشوو، ماددەی 49ـی دەستووری عێراق پێوەرى هەر کورسییەکى پەرلەمانى بەرامبەر بە 100 هەزار کەس دیاری کردووە و ماددەى 13ـی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیش ژمارەى کورسییەکانی بە 329 كورسی پەرلەمان دیاری كردبوو، بەڵام لەگەڵ بەڕێوەچوونی سەرژمێری، پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان دەكرێت، بەوپێیە دەبێت کورسییەکانی پەرلەمانى عێراقیش زیاد بكرێن، بۆ ئەمەش چەند ئەگەرێک هەیە لەوانە یاساى هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و ژمارەى کورسییەکان بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان دواى سەرژمێرى بگونجێنرێت.