هۆشداریی لە پەرەسەندنی ململانێکانی پارێزگای نەینەوا دەدرێت

قەیرانە ئیداری و سیاسییەكانی پارێزگای نەینەوا بەردەوامە و شرۆڤەکارێكی سیاسیش هۆشداریی لە پەرەسەندنی ململانێكان دەدات و دەڵێت: "هاوپەیمانی نەینەوای داهاتوو بژاردەی دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا بە دوور نابینێت."
ڕۆژی 2ـی تەممووزی ئەمساڵ، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانی لە بەرپرسانى یەکەى کارگێڕى قەزا و ناحیەكان کرد و کەسە لابراوەکان چوونە بەغدا و لە دادگەی کارگێڕیی سکاڵایان تۆمار کرد. ڕۆژی 22ـی تشرینی یەكەم دادگەی کارگێڕیی عێراق، سکاڵای قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لابراوەکانی نەینەوای ڕەت کردەوە.
عەبدوڵڵا حەدیدی، شرۆڤەکاری سیاسی، ڕایگەیاند "هاوپەیمانیی نەینەوای داهاتوو، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا تۆمەتبار دەکات، گوایە هەوڵی تێکدانی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەدات، بەوەی ڕەتی دەکاتەوە ڕەزامەندی لەسەر دانانی ناوی نوێ بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان بدات." حەدیدی، ئاماژەی بەوەش كرد "ئەگەر دۆخی نەینەوا بەو شێوەیە بەردەوام بێت، هاوپەیمانیی نەینەوای داهاتوو كە زۆرینەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگاكەدا، ڕەنگە بژاردەی دوورخستنەوەی پارێزگار عەبدولقادر دەخیل هەڵبژێرێت."
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێک دێت، بەسەر دوو هاوپەیمانیی سەرەکی دابەش دەبێت، هاوپەیمانیی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەكێتی و بابلیۆن لەخۆ دەگرێت و 16 کورسییان هەیە و هاوپەیمانی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسی هەیە و پارتیشی تێدایە.