سوودانی داوا لە تیمەکانی سەرژمێری دەکات ڕۆژی هەینی لە پرۆسەی تۆمارکردن بەردەوام بن

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە تیمەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کرد سبەی هەینی لە پرۆسەی تۆمارکردنی هاووڵاتییان بەردەوام بن، هاوکات داواکارییشە هاووڵاتییان یارمەتی تیمەکان بن.

پێنجشەمە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایاگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، داوای لە تیمەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کرد سبەی هەینی لە پڕۆسەی سەرژمێریی و تۆمارکردن بەردەوام بن. 

ئاماژەی بەوەش کردووە؛ سەرۆکوەزیران سوودانی، داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاری تیمە گەڕۆکەکان بن و زانیاریی دووستیان پێ بدەن بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە گرنگەی گەشەپێدان سەرکەتوو بێت کە هەموو کەرتە خزمەتگوزاریی  و ئابوورییەکان پشتی پێ دەبەستن. 

پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، دەستەی باڵای سەرژمێری دانیشتووان ڕایگەیاند: کاتژمێرەکانی کارکردنی بژمێرەکان لە پارێزگاکانی کاریان تەواو نەبووە، درێژ دەکاتەوە، دەشڵێت: کارەکانیان تا سبەی شەو، هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024 بەردەوام دەبێت.

دەستەی باڵای سەرژمێری دانیشتووان داوای لە هاووڵاتییان کرد، ئەوانەی بژمێرەکانی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان سەردانیان نەکردوون، لە ماڵەکانیان بمێننەوە تا بژمێرەکان پێیان دەگەن.

ڕۆژی چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی سەر بە ماددەی 140 دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوی پێنجشەممە، بەردەوام دەبێت.  

 
Fly Erbil Advertisment