ئەمڕۆ دادگەی کارگێڕی لەسەر سکاڵای دژی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کۆدەبێتەوە

بالەخانەی پارێزگای کەرکووک
بالەخانەی پارێزگای کەرکووک

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگەی کارگێڕی سەبارەت بە سکاڵای بەشێک لە عەرەبەکان و تورکمان دژی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کۆ ببێتەوە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-11-2024، دادگەی کارگێڕی جارێکی دیکە سەبارەت بە سکاڵای بەشێک لە عەرەبەکان و تورکمان دژی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا، کۆببێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە؛ دادگەی کارگێڕی لەماوەکانی ڕابردوودا، دووجار دانیشتنی لەسەر ئەم سکاڵایە دواخستووە، ئەوەش بەهۆی زۆری سکاڵاکانەوە بووە، دادگەکە هەوڵیداوە سکاڵاکان یەکبخات.

ئەمە لەکاتێکدایە، هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دانیشتنی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا لە 10 ئابی ئەمساڵ و هەڵبژاردنی پارێزگار بە نایاسایی دەزانن و سکاڵایان لەدژ تۆمارکردووە.

ڕۆژی یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024، حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، لەمیانی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: دژی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووکین و ئیدارەکە بە شەرعیی نازانین.

سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، لە 24ـی مانگ دادگای کارگێریی لەسەر سکاڵایەکی ئەوان دانیشتنێکی دەبێت و چاوەڕێن ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک هەڵبوەشێتەوە چونکە نادەستوورییە.

لەبارەی زەوی کورد و تورکمان، لە کەرکووک، حەسەن توران، ڕایگەیاند: ئیرادەیەکی سیاسی هەیە کە نایەوێت کورد و تورکمان لە کەرکووک ببنەوە خاوەنی زەوییەکانیان.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment