ئیسماعیل کەوسەری: ئێران 4 هەزار سەربازی لە سووریا نەبووە تا هێزەکانی ڕووسیا ڕزگاریان بکات

ئیسماعیل کەوسەر، ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئێران
ئیسماعیل کەوسەر، ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئێران

لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئێران، وەڵامی سەرۆکی ڕووسیا دەداتە و دەڵێت: "ئێران چوار هەزار چەکداری لە سووریا نەبووە تا ڕووسیا ڕزگاریان بکات.

ئیسماعیل کەوسەر، ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کە لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی دوێنێ پێنجشەممە گوتبووی: "چوار هەزار سەربازی ئێرانیان لە سووریا ڕزگار کردووە"، ڕایگەیاند، ئێران هەر لەبنەڕەتدا چوار هەزار سەربازی لە سووریا نەبووە تا هێزەکانی ڕووسیا ڕزگاریان بکەن.

ئیسماعیل کەوسەری دەشڵێت: ئەو کەسانەی وەک ڕاوێژکار لە سووریا کاریان کردووە هەموویان ئێرانی نەبوون، بەڵکو ئەفغانی و لوبنانی و خەڵکی چەند وڵاتکی دیکەشیان تێدابووە، هەربۆیە لە بنەڕەتدا هەموو سەربازەکانی ئێران لە سووریا نەدەگەیشتنە چوار هەزار.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا، کەوسەری دەڵێت: "بڕیاریاندا تا کۆتا سات بمێننەوە و هاوکاریی سوپای ئەسەد بکەن، بەڵام بینیان سوپای ئەسەد، بەرگریی ناکات و خودی سەرۆکی وڵاتیش هەڵهات بۆیە لەو وڵاتە کشانەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 19-12-2024، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لەمیانی پرێس کۆنفرانسی بەرفراوانی ساڵانەی خۆیدا لە مۆسکۆ, کە خۆشەوی محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـیش ئامادەی بوو؛ لە بارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا، ڕایگەیاند "نزیکەی چوار هەزار چەکداری ئێرانیمان لە سووریاوە گواستووەتەوە تاران."

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment