سوپای تورکیا هێزی زیاتر لە دەوری کۆبانێ کۆ دەکاتەوە

لە دوای هۆشداری و هەڕەشەکانی تورکیا بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 21ی کانوونی یەکەمی 2024، سوپای تورکیا هێزێکی زیاتری بە تانک و چەکی قورس ڕەوانەی جەرابلوس و مەنبجی نزیک شاری کۆبانێ کردووە و جێگیریان دەکات.

دیمەنەکانی تێپەڕبوونی کاروانی چەکە قورسەکانی سوپای تورکیا و بەنێو ناوەندی شارۆچکەی جەرابلوسی سەر بە پارێزگای حەلەب،  کە بەرەو نزیک شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان دەچن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە.

لە دوای پێشڕەوییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە 27ی مانگی ڕابردوو تاوەکوو کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە 8ی ئەم مانگە، سوپای تورکیا هێزێکی زۆری لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆ کردووەتەوە و لە چەند ناوچەیەکی دیکەش گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنقەرە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەند ناوچەیەکیان لە دەست دەرهێناون، بە تایبەت لە تەل ڕەفعەت، مەنبج و پارێزگای دێرەزوور.

هەرچەندە لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، ئەمەریکا نێوەندگیریی بۆ ڕاگرتنی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و هێزەکانی هەسەدە کرد، بەڵام بێئەنجام بوو، ئێستاش فشارەکانی تورکیا بۆ ئەوەیە هەسەدە و یەپەگە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە چەک دابماڵێت و ناچاریان بکات خۆیان ڕادەستی دیمەشق و سووریای نوێ بکەنەوە.

هەڕەشەکانی ئەردۆغان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە قاهیرە بۆ ئەنقەرە ڕایگەیاند، تورکیا بەشداریی لە بنیادنانەوەی حکوومەتی نوێی سووریا دەکات و لە نزیکترین کاتدا تەواوی ڕێکخراوە چەکدارەکانیش لەناو دەبردرێن. 

ئەردۆغان گوتیشی: "لە سووریای نوێیدا هیچ گرووپ و ڕێکخراوەیەک بە ناوی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نییە، پەکەکە و دەست و پێوەندەکانیشی کاتیان لەبەردەم نەماوە و لە نزیکترین کاتدا ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش، پەکەکە و یەپەگە لەناودەبەین".

پلانی سوپای تورکیا

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لەسەر دۆخی سووریا گوتویەتی: هەوڵدەدەین لە کۆبانێ و ڕەققە پاشەکشێ بە چەکدارانی هەسەدە بکەین و لە چەکیان دابماڵێنین و چەکەکانیشیان ڕادەستی حکوومەتی نوێی سووریا بکرێت، بۆ ئەمەش تورکیا چەندین هەنگاوی سەربازی و دیپلۆماتی بۆ سەقامگیری سنوورەکانی و ئاسایشی ناوخۆیی هەیە. 

هەڵوێستی ئەڵمانیا لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان

ئه‌نالینا بێربۆك، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا دوای کۆوونەنەوە له‌گه‌ڵ هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا جه‌ختی له‌ پاراستنی ئاسایشیی كورد له‌ سووریایه‌كی سه‌ربه‌خۆ، ئازاد و سه‌قامگیر كردووه‌ته‌وه‌.

گوتیشی: "پێویستە گرووپە چەکدارە کوردەکان لە سووریا چەک دابنێن و بچنە نێو هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی نوێی سووریاوە."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment