عێراق ترسی لە شکانی کەمپی هۆل هەیە

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

بەرپرسانی عێراق پێیان وایە، بە شکانی کەمپی هۆڵ، هەزاران داعش ڕوو لە عێراق دەکەن و ئاسایشی وڵاتەکە دەخەنە ژێر هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە باکووری سووریا، بە گەورەترین کەمپ دادەنرێت، نزیکەی 40 هەزار کەسی لە 42 ناسنامەی جیاوازی جیهانی لەخۆ گرتووە و سەرجەمیان خێزان و کەسوکاری چەکدارانی ڕێکخراوی داعشن، ئێستا عێراق گومانی  لەوە هەیە ئاڵۆزییەکانی سووریا و شەڕی هێزە کوردییەکان و گرووپە چەکدارەکان کاریگەرییان لەسەر کەمپی هۆل هەبێت، بەو هۆیە تیرۆرستانێکی زۆر  لە کەمپ و زیندانەکانی سووریاوە بەرەو عێراق هەڵبێن.

عێراق بەردەوام لەڕێگەی بەرپرسانی باڵاوە، هۆشداریی لە مەترسییەکانی  کەمپی هۆل لە سووریا دەدات و ڕایگەیاندووە، ترسیان لەوە هەیە تیرۆریستانی کەمپەکە، بارودۆخی نا هەموواری ناوچەکە بقۆزنەوە و لە بەندیخانەکانیش هەڵبێن، دواجار کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی عێراق دەبێت، هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە، ڕێکخراوی داعش لە سووریا دەستی بە جموجۆڵ و خۆ ڕێکخستنەوە کردووە، لە گۆڕانکارییە خێراکانی سووریاشدا، دەستییان بە چەک و جبەخانەکانی سووپای ڕژێمی ئەسەد گەیشتووە، ئەمەش وا دەکات زیاتر ڕوو لەو ناوچانە بکەن.

سەبارەت بە هەڵوێستی پەرلەمانی عێراق بەرامبەر کەمپی هۆل و هەڵهاتنی تیرۆرسیتان لە زیندانەکان، کەریم عەلی وەلی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ڕایگەیاندووە، ڕووداوەکانی ناو سووریا گەورەن، کاریگەرییان لەسەر عێراق و ناوچەکە دەبێت، چونکە لە سووریا هێز و گرووپی تیرۆریستی داعش و نەسرەی لێیە و وڵاتانی هەرێمی و دەرەکی پشتیوانیان دەکەن، لەمەشدا، حکوومەتی نوێی سووریا توانای ڕاگرتنی ئەو گرووپانەی نییە.

عەلی وەلی ئاماژەی بەوەشداوە، کەمپی هۆل و زیندانەکانی دیکەی داعش، لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دان، بەڵام بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا، وای کردووە کەمپەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی عێراق هەبێت، چونکە لەو کەمپەدا هەزاران تیرۆریستی داعشی عێراقی و سووریی تێدایە، ئەوەش بە هەڕەشە و مەترسیی بۆ عێراق دادەنرێت.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕۆژی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە وەڵامی پرسیاری جەیلان ئاکچە جووپۆلۆ، ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی لەسەر ئاماری ئەو ئافرەتانەی داعشن و لە بەندیخانەکانی عێراق زیندانیکراون، ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە 200  ئافرەت و هاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی تورکیا لە بەندیخانەکانن.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا  ئەوەشی ڕاگەیاندبوو"زیاتر لە 500 منداڵیش لە عێراقەوە هێنراونەتەوە تورکیا."

جەیلان ئاکچە جووپۆلۆ، پەرلەمانتار گوتی: "لە کەمپەکانی "هۆل و ڕۆژ"ـی سووریا بەهەمان شێوە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی تورکیا هەن، بەڵام ژمارەکەیان نازانرێت، چونکە دۆخی ئەو کەمپانە لەبارنین.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment