لاڤرۆڤ: ئەگەر واشنتن و ناتۆ  هەڕەشە بۆ سەر ڕووسیا دروست بکەن باجەکەی وەردەگرن

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەمەریکا و ناتۆ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە لە شێوەی ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی سەربازی- تەکنیکی لە مۆسکۆوە وەردەگرن، ئەگەر مووشەکی نوێ، بۆ هەڕەشە لە ڕووسیا دروست بکەن.

لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند "ئێمە ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەکی پەرەسەندنی ڕووداوەکان، لە هەمان کاتدا ئەو هەنگاوانە لەبەرچاو دەگرین، کە ڕەنگە هەلومەرجی قبوڵکراو بۆ گفتوگۆی یەکسان دروست بکرێت."

جەختیشی کردەوە، ڕووسیا تەنها بایەخ بە کاری هەمەلایەنە و یەکگرتوو بۆ کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی ململانێ دەدات، لەگەڵ بایەخدان بە نەهێشتنی ڕەگ و ڕیشەی دژبەیەکی بنچینەیی لە بواری ئاسایشدا.

 وەزیرەکە دەڵێت: "پێش هەموو شتێک پرسی فراوانبوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات لەخۆ دەگرێت لە ماوەی چەندان ساڵدا ئەم بابەتە تایبەتە، تا ڕادەیەکی زۆر، قەیرانی ئۆکرانیای لێ کەوتەوە و بەردەوامە لە دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ڕووسیا هەروەها بە شێوەیەکی گریمانەیی دەتوانرێت باس لە پرسەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک بکرێت، بەڵام تەنها وەک بەشێک "لە کارنامەیەکی فراوانتر."

لاڤرۆڤ باسی لەوەش کردووە "لەوانەیە لە ماوەی ساڵێکدا زۆر شت ڕووبدات، بۆیە ئێستە کارێکی ناژیرانە دەبێت ئەگەر هەنگاوە ئەگەرییەکانمان ڕابگەیەنین. هەموو شتێک دەبێت لە کاتی خۆیدا بکرێت."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment