تەندروستیی جیهانی: 7%ی دانیشتووانی کەرتی غەززە کوژراون

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەلەستین، دکتۆر ڕیک پێپەرکۆرن، ڕایگەیاند، لە تشرینی یەکەمی 2023 ـەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی لە %7ی دانیشتووانی کەرتی غەززە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە کوژراون.
هەروا ئاماژەی داوە، نزیکەی 108 هەزار و583 هەزار کەس لە دانیشتووانی غەززە بریندار بوونە و لە نێویاندا 105 هەزاریان هێشتا برینەکانیان سارێژ نەبووە و پێیەوە ئازار دەکێشن، کە دەکاتە زیاتر لە %25ی دانیشتووانی کەرتەکە.
نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان چاک کردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەرتی تەندروستی غەززە دەکات، دەشڵێت: "زیاتر لە 12 هەزار بریندار، کە زۆرینەیان منداڵن، پێویستیان بە گواستنەوەیە بۆ دەرەوەی غەززە، بۆ چارەسەر، بەڵام پرۆسەکە زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێت و بەمجۆرەی هەیە ڕەنگە 5 بۆ 10 ساڵ بخایەنێت."
لەلایەکی دیکەوە ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند "ئەم کارەساتەی مافەکانی مرۆڤ لە غەززە، هێشتا بە بەرچاوی جیهانەوە بەردەوامە."
دەشڵێت: "بە هۆی شەڕەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و وێرانکاری و ئاوارەبوونێکی فراوانی لێ کەوتووەتەوە و ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دروست کردووە."
تورک، ئاماژەی بە راپۆرتێکی ئەم دواییەی نووسینگەکەی دا کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 تا 30 حوزەیرانی 2024، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکانی تێدا تۆمار کراون، گوتی: "لەو ماوەیەدا سوپای ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی دەستی پێکرد و دواتر هێرشی هێزی پیادە، کە دەستگیرکردنی هەندێک نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی و دواتریش پەکخستنی نەخۆشخانەکان بەدوا داهات."
ڤۆلکەر تورک گوتیشی: "پارێزگاریی نەخۆشخانەکان لە کاتی شەڕ و جەنگدا، تایبەتمەندی و گرنگییەکی زۆری هەیە و دەبێت هەموو لایەنەکان لە هەر دۆخێکدا، ڕێزیان لێ بگرن."
ڕاشیگەیاند "ڕێزنەگرتن لەم پرەنسیپانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە، هەر بۆیە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و ئەو شوێنانەی نەخۆش و بریندارانی تێدا چارەسەر دەکرێت، تاوانی جەنگن. لە بارودۆخێکی دیاریکراودا، تێکدانی بە ئەنقەستی دامەزراوەکانی تەندروستی دەبێتە جۆرێک لە سزای بەکۆمەڵ، ئەمەش تاوانی جەنگە. هاوکات بەشێک لە هێرشە ڕێکخراوەکان بۆ سەر دانیشتووانی مەدەنی، تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی."