سەرۆکی مۆساد بۆ ئاگربەست لە غەززە دەچێتە دەوحە

شاری غەززە
شاری غەززە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای ڕاوێژی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەی و فشارەکانی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست لە غەززە، بڕیاری دا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بنێرێتە دەوحە.

شەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، بۆ گفتوگۆ لە کۆتا گەڕی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە، دەچێتە قەتەر. 

هاوکات بڕیارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ دوای کۆبوونە و ڕاوێژی لەگەڵ وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی و بەڕێوەبەری ئاسایش و نوێنەرانی ئیدارەکەی بایدن و دۆناڵد ترەمپ دراوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە وادهی‌ سەردانەکەی سەرۆکی مۆساد بۆ دەوحەی قەتەر نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان نوێنەرانی ئەمەریکا، فشاریان لە ناتانیاهۆ کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئاگربەست لە غەززە ڕابگەینن.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە، پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025 ڕایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکوو ئێستا 46 هەزار و شەش فەلەستینی کوژراوە کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوونە، هەروەها 109 هەزار و 378 کەسی دیکەش برینداربوونە.

 
 
Fly Erbil Advertisment