پەرلەمانتارێک: کۆبوونەوەکان بۆ هەموارکردنەوەی ماددەی 12ـی یاسای بودجە دەست پێ دەکەنەوە

لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی لێژنەکان بۆ تاوتوێکردنی بڕگەی تایبەت بە هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی یاسای بودجەی گشتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ڕاگەیاند.
سێشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2025، حوسێن موئەنەس، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "لیژنەی دارایی پەرلەمان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بۆ تاوتوێکردنی بڕگەی تایبەت بە هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی گشتی، دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکاتەوە."
گوتیشی: لەو ماددەیەدا باس لە تێچووی بودجەی گشتی و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
موئەنەس گوتیشی: لە یاسای بودجە، تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بە 6 دۆلار هەژمار کراوە، بەڵام ئەو هەموارکردنەوەیەی کە لەلایەن حکوومەتەوە نێردراوە، تێچووەکەی بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک هەژمار کردووە.
موئەنەس ڕاشیگەیاند "لە ڕەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا داوا دەکرێت حکوومەت تێچووی دەرهێنانی 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بدات."
پێشتریش ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، جەمال کوچەر، پێشبینی کردبوو کە خشتەی بودجەی دارایی لە مانگی شوباتدا ڕەوانە بکرێت، هاوکات ئاماژەی بە ئەگەری دواخستنی پەسەندکردنەکە کرد، بەهۆی ناکۆکی لەسەر ماددەی 12ـی یاسای بودجە.
مادەی 12ی ڕەشنووسی یاسای بودجەی دارایی قەرەبووکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم دەگرێتەوە.
پێشتر، چیایی تەیموور، ئەندام پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو "حکوومەتی عێراق پێشتر لە یاسای بودجەدا تێچووی دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە 6 دۆلار هەژمار کردبوو، کە بڕێکی زۆر کەمە، چونکە تێچووی دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە کێلگەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە، 26 دۆلارە."