دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە

 گوتەبێژی ئەنکەسە بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد: کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی ئەرێنی بوو و جەختیان لە چوونی کورد بە شاندێکی هاوبەش و یەک دیدگا بۆ دیمەشق کردەوە.

سێشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2025، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.

لەبارەی کۆبوونەوەکە، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو، هەروەها هەردوولا جەختیان لە یەکهەڵوێستی کورد کردووەتەوە.

گوتەبێژی ئەنەکەسە، گوتیشی: هەردوولا جەختیان لە چوونی کورد بە شاندێکی هاوبەش و یەک دیدگا بۆ دیمەشق کردووەتەوە.

دووشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2025، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە کوردستان 24ـی راگەیاندبوو، بەم نزیکانە دیدارێکی دیکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ئەنجام دەدرێت.

 هاوکات گوتبووی: تا زووتر ئەم یەکڕیزییه بەدی بێت، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان باشترە.

فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوەش کردبوو ، سەرۆک بارزانی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕژدن لەسەر یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment