ئەحمەد شەرع: بێ وێرانکاری و خوێنڕشتن سەرکەوتین

سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا ڕایگەیاند: ئەولەویەتەکانی ئەمڕۆی سووریا پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات و پاراستنی ئاشتیی مەدەنی و بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کارکردن لەسەر بنیادنانی پێکهاتەیەکی ئابووری گەشەسەندوو و گەڕاندنەوەی پێگەی نێودەوڵەتی و ناوچەییە بۆ وڵاتەکە.
چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا، یەکەم گوتاری فەرمی خۆی لەژێر ناوی "گوتاری سەرکەوتن" پێشکەش کرد و بەشێکی بۆ مێدیاکان ئاشکرا کرا.
سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا، لە گوتارەکەیدا دووپاتی کردەوە، ئەولەویەتەکانی ئەمڕۆی سووریا پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات و پاراستنی ئاشتیی مەدەنی و بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، هەروەها کارکردنە لەسەر بنیادنانی پێکهاتەیەکی ئابووری گەشەسەندوو و گەڕاندنەوەیە پێگەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ سووریا.
گوتیشی: سوورییەکان کۆتوبەندی ڕژێمی ئەسەدیان شکاند و خۆری سووریا هەڵهات. ئێمە بێ وێرانکاری وخوێنڕشتن سەرکەوتین.
هەر ئەمڕۆ، چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایان کرد، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا گوتارێکی فەرمی بە ناونیشانی "گوتاری سەرکەوتن" پێشکەش دەکات، بە گوێرەی پێشبینییەکان چاوەڕوان دەکرێت شەرع هەڵوەشاندنەوەی دەستەی تەحریر شام ڕابگەیەنێت.
بەپێی سەرچاوەکان پێشبینی دەکرێت، ئەنجوومەنێکی ڕاگوزەر بۆ سەرکردایەتیی قۆناغی ئێستا و دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ سووریا پێک بهێنرێت.
هەرچەندە تا ئێستە ناوەرۆکی گشتیی وتارەکە بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکراوە.