ترەمپ داوای هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا دەکات

کەیس کیلۆگ، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، بە ئۆکرانیا و ڕووسیای ڕایگەیاند، ئەمەریکا دەیەوێت ئۆکرانیا هەڵبژاردن بکات، بەتایبەت ئەگەر کیێڤ بتوانێت لە چەند مانگی داهاتوودا بە ئاگربەست لەگەڵ مۆسکۆ ڕازی بێت.
گوتیشی: زۆربەی وڵاتانی دیموکراسی لەکاتی شەڕدا هەڵبژاردن دەکەن، من پێم وایە و ئەوە بە باش دەزانم بۆ دیموکراسی.
ترەمپ و کیلۆگ دەڵێن: کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ ئەوەی لە چەند مانگی یەکەمی ئیدارەی نوێی ئەمەریکادا کار بۆ ڕێککەوتنێک بکەن، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە ڕووسیا لە شوباتی 2022دا بەرانبەر ئۆکرانیا دەستی پێ کرد.
ئەوان وردەکاری زۆریان لەبارەی ستراتیجی خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە و هەروەها کەی ئەو پلانە دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، نەکردووە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە و بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکی کە ئاشنایە بە پێشنیازی هەڵبژاردنەکان دەڵێن: کیلۆگ و بەرپرسانی دیکەی کۆشکی سپی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسیان کردووە، ئەگەر ئۆکرانیا ڕازی بێت، هەڵبژاردنەکە وەک بەشێک لە ئاگربەستێکی سەرەتایی لەگەڵ ڕووسیا دەبێت و پلانەکەی ترەمپ کاری لەسەر دەکرێت.
ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئیدارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا چاویان لە ڕێگای ئاگربەستی سەرەتاییە و ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە ئۆکرانیا بکرێت، دەکرێت کەسی براوە بەرپرسیار بێت لە دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ مۆسکۆ.