خاچی سوور: لە دۆخی بارمتەکانی غەززە نیگەرانین

کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کە ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلی و دیلەکانی فەڵەستینی لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکات، ڕایگەیاند، " نیگەرانن" لە دۆخی بارمتەکان کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن.
هەینی 14ـی شوباتی 2025، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە پەیامێكی تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس)ئاماژەی بەوە کردووە، "ئازادکردنی بارمتەکانی ئەم دواییە دەریخست، پێویستە بەپەلە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بەهێزتر کار بکات بۆ دەستڕاگەیشتن بەو بارمتانەی هێشتا لەدەستی حەماسدا ماون، دەشڵێت: ئێمە زۆر نیگەرانین لە بارودۆخی بارمتەکان".
خاچی سوور دەڵێت: "ئێمە بەردەوام جەختمان لەسەر پێویستی ئاڵوگۆڕی ئازادکردن و گواستنەوەی دیلو بارمتەکان کردووەتەوە کە بە شێوەیەکی شکۆمەندانە و سەلامەت ئەنجامبدرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور "بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، تا گەڕانەوەی دوا بارمتە".
لەو کاتەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 19ی کانوونی دووەمەوە کەوتە واری جێبەجێکردن، هەردوولا پێنج کەڕەت ئاڵوگۆڕی دیلیان ئەنجامداوە.
لە میانەی ئاڵوگۆڕی کاروانی پێنجەمدا لە 8ـی شوباتدا، حەماس سێ بارمتەی ناچارکرد لەبەردەم جەماوەرێکی زۆری فەڵەستینی کە بۆ بینینی ئازادکردنیان لە غەززە کۆببوونەوە، سوپاسی دەستگیرکراوەکانیان بکەن.
دەرکەوتنی لاوازی بارمتەکان، بنەماڵەی دیلەکانی تووشی شۆک کرد، ئەمەش وایکرد لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور داوا لە حەماس بکات دڵنیابێت لەوەی، لە ئاڵوگۆڕەکانی دواتری بارمتەکان، ڕێز لە تایبەتمەندی و کەرامەتیان بگرن.
بڕیارە ڕۆژی شەممە ئاڵوگۆڕی کەڕەتێکی دیکەی بارمتەکان ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ دووپاتی لەوە کردەوە، ئەگەر حەماس تەواوی بارمتەکان بە یەک کەڕەت تا ڕۆژی شەممە ئازاد نەکات، دەرگای دۆزەخ بەڕووی حەماس دەکرێتەوە.