یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا کۆمەلێک سزای سەر سووریا هەڵبگرێت

یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، بڕیاریدا ئەو سزایانەی بەسەر سووریادا لە بوارەکانی وزە و گواستنەوە و ئاوەدانکردنەوەدا سەپێندراوە، هەڵبگرێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، لە دەقی نووسراوەکەی یەکێتیی ئەورووپادا هاتووە، ئەنجوومەنی ئەورووپا بڕیاری دا کۆمەڵێک ڕێکاری سنووردارکردن، لە بوارەکانی وزە و گواستنەوە و ئاوەدانکردنەوەدا ڕابگرێت، ئەمە جگە لە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دارایی و بانکی پەیوەست بەوانەوە.
لە ڕەشنووسەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە "لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی لەسەرەخۆ، وەک هەنگاوی داهاتوو، ئەنجوومەنەکە هەڵسەنگاندن دەکات، ئایا سنووردارکردنی زیاتر ڕابگیرێت یاخود نا، هەروەها بەردەوامیش دەبێت لە چاودێریی دۆخی ئەو وڵاتە."
پێشبینی دەکرێت یەکێتیی ئەورووپا لە میانی کۆبوونەوەکەی لە برۆکسل کە بڕیارە لە 24ـی شوبات بەرێوە بچێت، گفتوگۆ لەسەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بکات.
پێشتریش یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاندبوو، سزاکانی سەر سووریا لە بوارەکانی فڕۆکەوانی، ژیرخانی بانکی، وزە و گواستنەوەی وشکانی بۆ ماوەی ساڵێک هەڵبگرێت.
لەلایەکیت دیکەوە، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، پێویستە هەندێک سزا لەسەر سووریا هەڵبگیرێت، تاوەکوو ئابووریی ئەو وڵاتە دەکەوێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی.
جەختیشی کردەوە "دەبێت ئیدارەی نوێ هەموو چین و توێژەکانی دانیشتووان لە پرۆسەی ڕاگوزەریدا بەشداری پێ بکات، کە دەبێت ببێتە هۆی دەستوورێکی نوێ و هەڵبژاردن."