وەزارەتی پێشمەرگە: داعش دەست بە جموجۆڵی فراوان دەکات

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت: زانیارییان هەیە چەکدارانی داعش دوای خۆ ڕێکخستنەوە، جموجۆڵەکانیان بەتایبەت لە ناوچە سوننە نشینەکان و ئەو ناوچانەی لەنێوان پێشمەرگە و سووپای عێراق بوونەتە بۆشایی ئەمنی، زیاتر دەبێت.
دووشەممە 24ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: چەکدارانی داعش چاوەڕیی دۆخی نوێی سووریا دەکەن و بوونی کەمپەکانیش مەترسییەکی دیکەن، شارەزایەکی بواری سەربازیش رایدەگەیەنێت، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و پڕنەکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، هۆکارێکی دیکەن بۆ فراوانبوونی چالاکییەکانی داعش.
چیای قەرەچوغ، دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بووەتە مۆڵگەی چەکدارانی داعش، دژە تیرۆری عێراقی بەهەماهەنگی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ تێکدانی مۆڵگەکانی داعش دەستپێکرد، لەو ئۆپەراسیۆنەدا جگەلە تۆنێل، ژمارەیەک ماددەی تی ئێن تی و ئامێری جۆراوجۆر و بەڵگەنامە دەستیان بەسەرداگیرا.
بوونی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی، هۆکارە بۆ سەرکەوتنی هەر ئۆپەراسیۆنێک.
زانیارییە هەواڵگرییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوە دەردەخات، داعش دەست بە جموجۆڵی فراوان دەکات،بەتایبەتیش لە ناوچە سوننە نشینەکان، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: بە دوو لیوای هاوبەش ناتوانرێت بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق پڕ بکرێتەوە.
لیوا عوسمان محەممەد مستەفا، بەڕێوەبەری هۆشیاری نیشتمانی و ڕاگەیاندنی پێشمەرگە گوتی: گونمان هەیە داعش لە بەشێک لە ناوچەکان و گوندەکانی دوورە دەست کە دەکەونە ناوچەی ئەمنی هاوبەش، لەگەڵ سنوورەکانی کەرکووک، دیالە، مووسڵ، تکریت و ڕوومادی هەبن چونکە تا ئێستا ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەنێو نەبراوە، بۆیە پێویستە هەماهەنگی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان لەڕووی زانیارییەوە باشتر بکرێت.
بۆشایی ئەمنی و ڕووداوەکانی سووریا و پەسی کسانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەگەڵ دۆخی سیاسی عێراق، هۆکارن بۆ جموجۆڵەکانی داعش، دوای دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکان، هێشتا بەشێکی ئەو لیوایانە لەو ناوچانەی بۆیان دیارکراوە، دەستبەکارنەبوون، ئەمەش وایکردووە داعش ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بۆ خۆ ڕێکخستنەوە بەکاربهێنێت.
پڕنەکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە هۆکارەکەی سیاسییە، بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان ئاستەنگ دروستدەکەن.
وەفا محەممەد، شارەزای بواری سەربازیی دەڵێت: لە ساڵی 2024، ڕووداوە تیرۆریستییەکان سێ بەرامبەر زیادی کرد، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی سووریا، ئێستا ڕێککەوتنێکی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا و عێراق هەیە کە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمان دوای ساڵی 2025، لە عێراق بکشێتەوە، ئەمەش دەفەتێکە بۆ زیندووکردنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، ئێستاش هێزی سیاسی هەیە لە عێراق ڕێگە نادات هێزی پێشمەرگە بێتە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی.