سەرۆک بارزانی: بە هەموو توانایەک پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتیی تورکیاین

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئاشتی بە تاکە ڕێگەی دروست بۆ چارەکردنی کێشەکان دەزانین و هیوادارین پەیامەکەی ئۆجەلان، دەستپێکێک بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی ڕێی خۆی بگرێت.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دەکەینەوە و بە هەموو توانایەک پشتیوانی پرۆسەی ئاشتیی تورکیاین.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا، ئاشتی بە تاکە ڕێگەی دروست بۆ چارەکردنی کێشەکان دەزانین.
هاوکات سەرۆک بارزانی هیواخوازە، پەیامەکەی ئۆجەلان دەستپێکێک بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی ڕێی خۆی بگرێت و، بگاتە ئەنجامێکی وا کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک بێت.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.