ماکرۆن بۆ ترەمپ و زێلێنسکی: دان بەخۆتاندا بگرن و ڕێز لە یەکتر بگرن

کۆشکی ئەلیزێ ڕایگەیاند، ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ و زێلێنسکی کردووە و داوای لە هەردوو سەرۆک کردووە دان بە خۆیاندا بگرن.
شەممە 1ـی ئاداری 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئەلیزێ) ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووتەوە و تێیدا هاتووه، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای مشتومڕهكهی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەردوو سەرۆک کردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکهی کۆشکی ئەلیزێ، ماکرۆن داوا لە زێلێنسکی و ترەمپ کردووە دان بە خۆیاندا بگرن و ڕێز لە یەکتر بگرن.
دواتر ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە دا، کشانەوەی ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە بەرژەوەندیی واشنتندا نییە، چونکە "ئەوەی ئەمەریکا سێ ساڵە دەیکات بە تەواوی لەگەڵ نەریتە دیپلۆماسی و سەربازییەکانیدا دەگونجێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر واشنتن ڕازی بێت بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست بەبێ هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا ئەوە توانای ڕێگریکردنی جیۆستراتیجی لە بەرانبەر ڕووسیا و چین و ئەوانی دیکە نامێنێت.
ماکرۆن داواش لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات هاوکاری دارایی پێشکەش بکەن بۆ بەهێزکردنی بەرگری و ئاسایشیی ناوچەکە.
هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕانەگیرێت، ئەوا "بە دڵنیاییەوە مۆڵدۆڤا و ڕۆمانیاش داگیر دەکات".