تارمایی شین گەیشتە سەر مانگ

کەشتیی بۆشایی ئاسمان، ناسراو بە تارمایی شین 1 (Blue Ghost 1)، دوێنێ، 2ـی ئادار 2025، کاتژمێر 8:34 بە کاتی گرینویچ لە نزیک لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی سەر مانگ، نیشتەوە.
کەشتییەکە، لە لایەن کۆمپانیای تایبەتی (Firefly Aerospace) لە 15 ی کانوونی یەکەمی 2025 بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدرابوو، دوێنێ لە کات و شوێنی دیاریکراودا، بە سەرکەوتوویی لەسەر مانگ نیشتەوە.
کاتێک، جەیسۆن کیم، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ڕایگەیاند کەشتییەکە بە سەرکەوتوویی نیشتەوە و هیچ کێشەیەکی نییە، تیمی سەرپەرشتی گەشتەکە، لە ژووری کۆنترۆڵدا بە گەرمیی چەپڵەیان لێدا.
پێشتر، لە شوباتی 2024 کۆمپانیای (Intuitive Machines) کەشتییەکی بۆ سەر مانگ نارد، بەڵام گەشتەکە سەرکەوتوو نەبوو و کەشتییەکە لەکاتی نیشتنەوەیدا، وەرگەڕا و تێکشکا.
بەڕێوەبەری بەرنامەی تارمایی شین، ڕای ئەلینسوورس، ئاماژەی بە وردیی نیشتنەوەی کەشتییەکە کرد بەوەی لە دووری 100 مەتر لە شوێنی دیاریکراودا نیشتووەتەوە.
ڕای، بە ڕۆژنامەنووسانی گوتی: ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دا بۆ ئەوەی نیشتنەوەی کەشتییەکە بە ڕێکی و بێکێشە بێت، لەمەشدا سەرکەوتین."
کەشتییەکە، پاش ئەوەی خێراییەکەی لە هەزاران کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا گەیاندە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، یەکەم دیمەنی نیشتنەوەی خۆی لەسەر مانگ نارد و بە ڕوونی چاڵ و چۆڵییەکانی سەرمانگ نیشان دەدات.
کەشتیی تارمایی شین، دە ئامێری تایبەتیی بۆ شیکردنەوەی خۆڵی سەرمانگ و چەندان لێکۆڵینەوی دیکەی، لەگەڵ خۆیدا بردووەتە سەر مانگ.