ئازاد تۆفیق: ڕاپه‌ڕین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناسنامه‌ی نیشتمانی و خاك و نه‌ته‌وه بوو
حه‌وتی ئاداری 1991 جه‌ماوه‌ری سلێمانی به پشتیوانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی له دژی داموده‌زگه داپڵۆسێنه‌ره‌كانی ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوو، ڕاپه‌ڕین و شاره‌كه‌یان ڕزگار كرد؛ نووسه‌ر و ڕووناكبیرێكی شاره‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌ركی ڕاپه‌ڕین بریتییه له پیرۆزڕاگرتنی به‌ها نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌رجه‌سته‌كردن و ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له واقیعدا.
هه‌ینی، 7ـی ئاداری 2025، ئازاد تۆفیق، نووسه‌ر و ڕووناكبیر به كوردستان24ـی گوت، ڕژێمی به‌عس سه‌ره‌ڕای هه‌موو تاوانكارییه مرۆییه‌كانی دژ به كورد و پرۆسه‌كانی پاكتاوی ڕه‌گه‌زی، ئه‌نفال و كیمیاباران، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی ئیراده‌ی تاكی كورد بشكێنێت و خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی بۆ خاك و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی لێ وه‌ربگرێت و له ناوی ببات.
ئازاد تۆفیق ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كورد له هه‌رێمی كوردستان له ڕاپه‌ڕین و كۆڕه‌وه ملیۆنییه‌كه‌ی ئاداری 1991 به تێكڕا ڕه‌تی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و دیكتاتۆریه‌ت و ئه‌نفال و كیمیاباران و بهبهعسیكردن "تهبعیث"ـی كرده‌وه.
ئه‌و نووسه‌ر و ڕووناكبیره گوتیشی، ڕاپه‌ڕین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناسنامه‌ی نیشتمانی و خاك و نه‌ته‌وه بوو و هه‌ڵمه‌ت و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ڕژێمی به‌عسی دژ به كورد وه‌ستاند.
ئازاد تۆفیق باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌وانه‌ی پێیان وایه كورد بگه‌ڕێته‌وه باوه‌شی عێراق و ژێرده‌سته بمێنێته‌وه، "كوفری كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسی" ده‌كه‌ن.