ترەمپ: هیوادارم ڕووسیاش بە پێشنیازی ئاگربەست ڕازی بێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئیدارەکەی ئەمڕۆ یان سبەی لەگەڵ ڕووسیا کۆدەبێتەوە. گوتیشی: بەم زووانە جارێکی دیکە زێلێنسکی بانگهێشتی ئەمەریکا دەکەمەوە و لە کۆشکی سپی پێشوازیی لێدەکەم.
سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گوتی: دەمەوێت بە زووترین کات جەنگ لە ئۆکرانیا کۆتایی پێبێت و هیوادارم ڕووسیاش بە پێشنیازی ئاگربەست ڕازی بێت.
سەرۆکی ئەمەریکا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕووسیا، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یان سبەی لەگەڵ ڕووسیا کۆدەبمەوە و لەگەڵ پوتینیش قسە دەکەم. هەروەها ئامادەم جارێکی دیکە زێلێنسکی بانگهێشتی ئەمەریکا بکەم و لە کۆشکی سپی پێشوازیی لێبکەم.
ڕۆژی سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا دوای کۆبوونەوەکەیان لە شاری جەددەی سعوودییە، لە ڕاگەیەندراویکی هاوبەش ئاماژەیان بەوە دا، کە کێیڤ بە پێشنیازی ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکرانیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ڕازی بووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاگربەستەکە دەتوانرێت بە ڕەزامەندیی هەردوولا درێژبکرێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی لەلایەن رووسیاشەوە قبووڵ بکرێت، هەروەها ئەەمریکا پەیوەندی بە مۆسکۆ دەکات بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە ئاگربەستەکە.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە میانەی کۆبوونەوەکەیان لە سعوودییە، لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی کانزا دەگمەنەکان لە زووترین کات ڕەزامەند بوونە.
لای خۆیەوە واشنتن ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا و هاوبەشکردنی هەواڵگری لەگەڵ وڵاتەکە.
لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دەبێت ڕووسیا بڕیار بدات کە ئایا ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا قبووڵ دەکات یان نا، لە کاتێکدا ئامادەیی خۆی بۆ دانووستان دەربڕیوە.
ڕوبیۆ، باسی لەوە کرد، ئێستا ئەم پێشنیازەی ئەمڕۆ دەبەینە بەردەم ڕووسەکان و هیوادارین بە ئاشتی ڕازی بن.
هەروەها مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تۆپەکە ئێستا لە یاریگەی ڕووسیا دایە و لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی لەبارەی پێشنیازەکە قسە دەکات.
هەر لەبارەی پێشنیازەکەی ئەمەریکا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، دەبێت واشنتن، مۆسکۆ قایل بکات کە بە پێشنیازی ئاگربەست ڕازی بێت.
سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، گەڕی یەکەمی دانووستانی نێوان شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە شاری جەددەی سعوودییە، بە مەبەستی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا و ڕاگەیاندنی ئاگربەست کۆتایی هات.
شاندەکەی ئەمەریکا کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، پێکهاتبوون لە؛ مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا. هەروەها شاندەکەی ئۆکرانیا پێکهاتبوون لە؛ ئەندری سیپیا، وەزیری دەرەوە، ئەندری یەرماک، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و ڕوستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا.