ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: کار دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە داعش لە عێراق

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند: جێگری خەلیفەی داعش بە هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان کوژرا و ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنە بۆ وڵاتەکەمان.
هەینی 14ـی ئاداری 2025، قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: کاتژمێری یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دیاریکردنی شوێنی جێگری خەلیفەی داعش، بە هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنێک بۆ کووشتنی عهبدوڵڵا مهكی موسڵیح ڕهفیعی، جێگری خەلیفەی داعش ڕاگەیەنرا.
باسی لەوەش کرد، پاڵەوانانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگیان لە کووشتنی جێگری خەلیفەی داعشدا هەبووە، هەروەها هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنەکە پێنج تیرۆستیان دەستگیر کردووە، بەڵام بەهۆی کوژرانی جێگری خەلیفەی داعش، هێشتا ڕایاننەگەیاندووە.
گوتیشی: ئەم هەماهەنگییەی نێوان دەزگا ئەمنییەکان، دەکرێت کۆتایی بە بوونی سەرجەم تیرۆرستان بێنێت لە عێراق.
ههینی، 14ـی ئاداری 2025، محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق له تۆڕی كۆمهڵایهتی (ئێكس) كوژرانی عهبدوڵڵا مهكی، جێگری خەلیفەی داعشی ڕاگهیاند.
عهبدوڵڵا مهكی موسڵیح ڕهفیعی له ڕێككهوتی 9ـی حوزهیرانی 2023 له لایهن ئهمهریكاوه خرایه ناو لیستی تیرۆر.
لای خۆیەوە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: سڵاو بۆ قارەمانانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو دەستکەوتەی کە ئەمڕۆ بەدەستیان هێنا لە کوشتنی جێگری خەلیفەی داعش.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، بە بوونی دەزگا ئەمنییەکان، بە دەستهێنانی دەستکەوتەکان لە عێراق بەردەوامن.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پیرۆزبایی لە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: ئەم دەستکەوتەی ئەمڕۆی عێراق مەبەست لێی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە بەرانبەر خراپەکاری و ناحەزان.