حەماس کوژرانی سەرۆکی حکوومەتەکەی لە غەززە ڕاگەیاند

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی کەرتی غەززە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک کوژرانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتەکەی لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتەکە ڕاگەیاند، لە سەرووی هەمووشیانەوە کوژرانی سەرۆکی حکوومەتەکەی لە غەززە، پشتڕاست کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانییەکەی نووسینگەکەدا هاتووە "بە هەموو پێوەرەکانی شانازی و ستایش، بە جەماوەری و گەلی شکۆمەندی فەلەستین، نەتەوەی عەرەب و ئیسلامیمان و ئازادیخوازانی جیهان ڕادەگەیەنین، کە پۆلێک سەرکردەی حکوومەت لە کەرتی غەززە، لە نێویاندا سەرکردەی باڵا، عیسام دەعلیس، سەرۆکی حکوومەتی حەماس لە غەززە (سەرۆکی بەدواداچوونی کارەکانی حکوومەت)، ئەحمەد ئەلحەتا بریکاری وەزارەتی داد و فەرماندە و ڕاوێژکار، لەگەڵ فەرماندە لیوا مەحموود ئەبو وەتفە، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و لیوا بەهجەت ئەبو سوڵتان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ لە هێرشەکانی بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، خۆیان و ئەندامانی خێزانەکانیان کوژراون."
هەروەها ڕایگەیاندووە، کوشتنی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان، حەماس لە ئەرک ئایینی و نیشتمانییەکانی سارد ناکاتەوە، بەڵکو ڕژدتر دەبن لە خزمەتی گەلی فەلەستنی و بەرەنگاربووەی دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل تاوەکوو سەردەکەون.
بەگوێرەی دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە، بەهۆی زنجیرە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەرتی غەززە زیاتر لە 350 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەیش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر سەرتاسەری کەرتی غەززە، ئەمەش وەک فشارێک بۆ سەر حەماس، دوای ئەوەی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتە ڕفێندراوەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بەبنبەست گەیشتن.