هەڵمەتی لابردنی باخچە نایاساییەکانی گەڕەکەکانی هەولێر دەستی پێ کرد
سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانمان ئاگادار کردووەتەوە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە دروستکردنی باخچە لەسەر زەوی حکوومەت نەدرێت.
سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، بەهۆی دۆخی داراییەوە نەتوانراوە بەپێی پێویست باخچە لە گەڕەکەکاندا دروست بکەین.
دەڵێت: زۆرجار، لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەو پرۆژانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە تووشی گرفت دەبین، زێدەڕۆییان کردووەتە سەر ئەو زەویانە و ئەوان بە موڵکی خۆیانی دەزانن؛ بۆیە بڕیارمان دا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدەین ئەو زێدەڕۆییانە لەسەر زەوی حکوومەت بکرێت.
کارزان هادی گوتیشی: ئێمە ئەولەوییەت دەدەین بەو پرۆژانە، سەرەتا هەوڵ دەدەین ڕێژەی سەوزایی زیاد بکەین، بە دڵنیاییەوە ساڵانە، بە پێی توانا، لە پارکەکاندا داری نوێ دەچێنین، هەمیش پارک و باخچەی نوێ لەنێو گەڕەکەکاندا دروست دەکەین. ئێستەس بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانمان ئاگەدار کردووەتەوە چیتر ڕێگە نەدەن هاووڵاتیان بە هەڕەمەکی باخچە لەبەردەم ماڵەکانیاندا دروست بکەن و زەوی حکوومەت داگیر بکەن.