فەتح داوا لە حەماس دەکات چەک دانێت و گوێ لە دەنگی گەلی فەڵەستین بگرێت

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتیان لە باکووری فەڵەستین، بزووتنەوەی فەتح داوای لە حەماس کرد، ڕێگە بۆ دەسەڵاتی فەڵەستین بکاتەوە و گوێ لە "بانگەوازی گەلی فەڵەستین" لە غەززە بگرێت، هەروەها "لە پەیوەندییە ناوچەیی و دەرەکییەکان دوورکەوێتەوە و ڕێگە بە دەسەڵاتی فەڵەستین بدات ڕۆڵی خۆی لە کەرتی غەززە بەجێبهێنێت."
ماهر نەمورە، گوتەبێژی فەتح گوتی: گەلی فەڵەستین بە خۆڕاگری و پابەندبوون بە خاک و مافە ڕەواکانییەوە ڕووبەڕوو بوونەوە ناو دەبات و گوتی: خەڵکی فەڵەستین قبووڵی ناکەن چارەنووسیان بە نادیاری بمێنێتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت سەدان فەڵەستینی ڕۆژی سێشەممە، لە ناڕەزایەتییەکی جەماوەری لە بەیت لاهیا لە باکووری کەرتی غەززە خۆپیشاندانیان کرد، بۆ فشارخستنە سەر حەماس بۆ دەستبەرداربوونی کەرتی غەززە و کۆتایی هێنان بە شەڕ.
گوتەبێژی فەتح جەختی لەوە کردەوە، ئەو ناڕەزایەتیانەی لە غەززە سەریان هەڵداوە، دەرئەنجامی هەڵسوکەوتی دەیان ساڵەی حەماسە لە کەرتی غەززە، بە گۆشەگیرکردن و سەرکوتکردن و هەراسانکردنی هاووڵاتیانە."
گوتەبێژی فەتح داوای لە حەماس کرد "گوێ لە دەنگی خەڵکی فەڵەستین لە غەززە و ئازارەکانیان بگرێت، هەروەها ڕێگە بە دەسەڵاتی فەڵەستین بدات، ڕۆڵی خۆی لە ساڕێژکردنی برینەکانی گەلەکە و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، جێبهێنێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت حەماس دان بە دەرئەنجامەکانی سیاسەت و بڕیارە تاکلایەنەکانیدا بنێت و دان بەوەدا بنێت کە کەرتی غەززەی نوقمی خەڵتانی خوێن کردووە".
باسی لەوەش کرد، "خۆبەزلزانین و لووتبەرزی و لێدوانە دژبەیەکەکان و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی نیشان دەدەن لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا گەلەکەمان زۆرترین ئازار و مەینەتی دیوە و پێویستی بە یەکگرتن هەیە لە دژی پیلانەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە، لەنێویشیاندا قودس."