پەرلەمانتارێک داوا لە حکوومەت دەکات هەردوو باڵیۆزی ئوردن و فەڵەستین دەربکات

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئاداری 2025، حوسێن سەعبەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق داوای لە حکوومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دەرەوە کرد، هەڵوێستێکی ڕوونیان هەبێت بەرامبەر بەو سوکایەتیانەی کە جەماوەری ئوردن و فەڵەستین بە گەلی عێراقیان کرد.

حوسێن سەعبەری لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "لەو کاتەوەی یەکەم گرتە ڤیدیۆییمان بینی کە خەڵکی ئوردن و فەڵەستین، سوکایەتی بە عێراقییەکان دەکەن، چاوەڕێی ئەوە بووین حکوومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دەرەوە ڕێوشوێنی پێویست بەرانبەر ئەو ڕەفتارە بگرنەبەر."

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی نوێ کە سەلمێنەری ڕاستییەکانە، پێویست بوو وەڵامی ئەم سووکایەتییە بدرێتەوە، کە لەگەڵ هەستی برایانەمان ناکۆکە.

سەعبەری ڕوونی کردەوە، گەلی عێراق زیاتر لە 30 ساڵە پاڵپشتی برایانە لە ئوردن و فەڵەستین کردووە، بەڵام هەڵوێستی ئوردنییەکان و فەڵەستینییەکان بەرانبەر عێراق هەموو ئەو هەوڵانەی پووجەڵ کردەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە حکوومەت کرد، ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر، وەک "دەرکردنی باڵیۆزی ئوردن و فەڵەستین لە بەغدا و سەپاندنی سزای ئابووری و دارایی بەسەر هەردوو وڵاتدا، بۆ ئەوەی بزانن عێراق کێیە."

سەعبەری جەختی کردەوە، بێدەنگ بوون بەرانبەر ئەم سووکایەتیانە یەکسانە بە قبوڵکردنیان، دەشڵێت، "گەڕانەوەی ناوبانگی گەلی عێراق و پاراستنی کەرامەتیان لە هەموو پێشبڕکێیەکی وەرزشی یان تۆپی پێ گرنگترە، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی دوورخستنەوەی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال."

گوتیشی: یاداشتێکی فەرمی ناڕەزایەتی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە دەکات بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکە و بڕیاردانی گونجاو.

هاوکات یەکێتی تۆپی پێی عێراق سکاڵایەکی لە هەردوو یەکێتی تۆپی پێی فیفا و یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا تۆمارکردووە سەبارەت بەو سووکایەتییانەی هەندەرانی ئوردن و فەڵەستین لە یارییەکەی عێراق و فەڵەستین، بە عێراقییەکانیان کرد.

لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی تۆپی پێی ئوردن داوای لێبوردنێکی فەرمی بڵاوکردەوە و گرتە ڤیدیۆییەکەی بەساختە ناوبرد، کە دروشمی ڕق و کینەیان لەخۆگرتبوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment